PM:09:45:18/01/2025
2076 جار خوێندراوەتەوە
وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، لەكاتی سەردانی شاندە باڵاكەی عێراق بۆ ئێران بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران، بە ئێرانیەکانیان وتووە پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانە و دۆسیەی گروپە چەکدارەکان پرسێکى ناوخۆییە.
ئەمڕۆ شەممە ١٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، فواد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لە میانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی شەرق ئەوسەت رایگەیاند، عێراق لە مەترسیەكانی جەنگ رزگاری بووە و ئێستا جیهان بەشێوەیەکی دیكە دەڕوانێتە بەغدا و عێراق کێشەی ناوخۆییان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان هەیە و هیچ کەسێک چارەسەری ناکات جگە خۆیان.
ئاماژەی بەوەشكرد، رێككەوتنەكان لەگەڵ بەریتانیا كە بە بەهای ١٢ ملیار و ٣٠
ملیۆن پاوەند ئەنجامدرا، بێ وێنەیە و رەنگدانەوەی مێژوویەكی دوورو درێژی پەیوەندی
نێوان هەردوو وڵاتە، هەروەها لەبری رێککەوتنی بەکۆمەڵ لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان لێکتێگەیشتنی ئەمنی جیاواز ئەنجام
دەدەن، گفتوگۆیان لەگەڵ فەرەنسا و ئەڵمانیا دەستپێکردووە و ئێستاش لەگەڵ بەریتانیا، بۆ
ئەوەی بگەینە لێکتێگەیشتن لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لە بواری ئەمنی.
دەشڵێت، دوو جۆر هێزی بەریتانیا لە عێراقدا هەیە، یەکەمیان بەشێکە لە هاوپەیمانی
نێودەوڵەتی، ئەوی دیکەشیان بەشێکە لە ناتۆ. هەر بۆیە پێویستیان بە گفتوگۆیە سەبارەت
بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە لە هەردوو روانگەی ئەمنی و سەربازییەوە.