سەردێڕ:

عێراق لەگەڵ کۆمپانیای'هالیبرتۆن' رێکدەکەوێت؛ بەمەبەستی پەرەپێدانی نەوت لەعێراق

PM:02:17:17/01/2025

1748 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای سێکتەری خزمەتگوزاری نەوت، "هاڵیبرتۆن" نزیکن لە رێککەوتن بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی کێڵگەیەکی نەوتی لە پارێزگای بەسرە، هەروەها پلانی هەیە بەرهەمهێنانی ‌غازی سروشتیش زیاد بکات.


ئەمڕۆ هەینی ١٧ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، باسم عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی بەسرە، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی كردووە و دەڵێت، وەزارەتی نەوتی عێراق و هاڵیبرتۆن لە رۆژانی داهاتوودا رێککەوتنێکی نهێنی واژۆ دەکەن بۆ پێدانی زانیاریی و داتای کێڵگەی "نەهر بن عومەر" بە کۆمپانیا ئەمەریکییەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هاڵیبرتۆن یارمەتی عێراق دەدات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لەکاتێکدا لەئێستادا کێڵگەکە لە توانایدا هەیە تەنها نزیکەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمبهێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، هاوکات غازیش سەرچاوەیەکی وزەی دیکە دەبێت، بەپێی وتەی بەڕێوبەری کۆمپانیای نەوتی بەسرە، "هاڵیبرتۆن یارمەتی عێراق دەدات بۆ بەرهەمهێنانی ٣٠٠ ملیۆن مەتر سێجا غاز لە کێڵگەکە.

باسی لەوەشکرد، جگە لە کێڵگەی نەهر بن عومەر، حکومەتی عێراق پلانی هەیە لە کێڵگەکانی دیکەش ئاستی بەرهەمهێنان زیاد بکات.

وتیشی، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی وێست قورنە ١ بگاتە ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، کە لە ئێستادا ٥٥٠ هەزار بەرمیل رۆژانە ئاستی بەرهەمهێنانییەتی.














گەلەری