سەرۆکی ئەمریکا بەبڵاوکردنەوەی نامەیەکی ماڵئاوایی، لیستێکی درێژی دەستکەوتەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی لە بوارە جیاجیاکان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا خستەڕوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ ئێمە خاوەنی بەهێزترین ئابووری جیهانین و ١٦ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار هەلی کاری نوێمان بە شێوەیەکی پێوانەیی رەخساندووە و مووچە زیاد بووە و هەڵاوسانیش بەردەوامە لە دابەزین. کەلێنی سامانی رەگەزی لە ماوەی ٢٠ ساڵدا گەیشتوەتە نزمترین ئاستی خۆی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، من خۆمم
کاندید کرد بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، چونکە باوەڕم وابوو رۆحی ئەمەریکا لە مەترسیدایە،
جەوهەر و ناسنامەی ئێمە لە مەترسیدا بوو و ئەم پرسە هێشتاش بەردەوامە. هەموومان وەک
یەک دروستکراوین و لەلایەن دروستکەرەکەمانەوە مافی بێبەشنەکراومان پێبەخشراوە، وەک
ژیان و ئازادی و بەدواداچوون بۆ بەختەوەری.
وتیشی، "خزمەتکردنی ئەم گەلە بۆ
من زیاتر لە ٥٠ ساڵ شانازی ژیانم بووە. لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نەبووە منداڵێک کە
زمانی دەگیرێت و ژیانێکی سادە و ساکاری لە شاری سکرانتۆن لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا
و کلایمۆنت لە ویلایەتی دێلاوێر هەبووبێت، بتوانێت رۆژێک لەسەر مێزی سەرۆکی ئەمەریکا
دانیشێت. دڵ و گیانم بەخشیوە بەم گەلە و لە بەرامبەردا ملیۆنان جار بە خۆشەویستی و
پشتیوانی گەلی ئەمەریکا وەڵامم وەرگرتووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، "مێژوو لە دەستی
ئێوەدایە، دەسەڵات لە دەستی ئێوەدایە، بیرۆکەی ئەمەریکا لە دەستی ئێوەدایە، تەنها
دەبێت ئیمانمان بپارێزین و لەبیرمان بێت کە کێین. ئێمە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاین
و هیچ شتێک نییە پێکەوە نەتوانین بیکەین".