PM:12:45:13/01/2025
2536 جار خوێندراوەتەوە
ئاگرەکەی شاری لۆس ئەنجلۆس لە ئەمریکا تا دێت تاو دەسێنێت و بەهۆیەوە تا ئێستا ٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسیش بێسەروشوێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ـی کانونـی دووەمـی ٢٠٢٥، بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا دەڵێن، تا دوێنێ یەکشەممە بەهۆی کەمبوونەوەی خێرایی باوە توانیویانە بەشێکی ئاگرەکە لە چەند ناوچەیەک کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام لە شەوی رابردووەوە بەهۆی زیادبوونەوەی خێرایی باوە، جارێکی دیکە مەترسیی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە زیادی کردووە و بەوهۆیەشەوە باری لەناکاویان لە چەن شوێنێکی لۆس ئەنجلس راگەیاندووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ١٤ هەزار کارمەندی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی
ئاگرەکەن، بەپێی ئامارەکانیش، لە ناوچەی پالیسەیدس نزیکەی ٩٦ کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی
و پوش و پاوان سوتاوە و ١٣٪ـی کۆنترۆڵ کراوە، لە ناوچەی ئیتۆن زیاتر لە ٥٧ کیلۆمەتر
چوارگۆشە سوتاوە و ٢٧٪ـی کۆنترۆڵ کراوە، لە ناوچەی هێرست زیاتر لە سێ کیلۆمەتر
چوارگۆشە سوتاوە و ٨٩٪ـی کۆنترۆڵ کراوە.
هاوکات، دەسەڵاتدارانی شارەکە ئاماژەیان بەوەش کردووە، سەرەڕای ئاگرەکە،
دەوامی خوێندنگەکان بەردەوام دەبێت و راناگیرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٧ـی مانگەوە لە چەند ناوچەیەکی کالیفۆرنیا ئاگر
کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە هەزاران خانوو و باڵەخانە سوتاون و زیانی سەدان ملیار دۆلاریش
بەر شارەکە کەوتووە.