سەردێڕ:

ئەمریکا؛ ٢٥ ملیۆن دۆلار دەدات لەبەرامبەر دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا

PM:10:06:10/01/2025

2572 جار خوێندراوەتەوە

ئەمەریکا، سزای نوێی بەسەر هەشت بەرپرسی حکومەتی ڤەنزوێلادا سەپاند و پاداشتیشی بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا لە ١٥ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ٢٥ ملیۆن دۆلار زیادکرد.


ئەمڕۆ هەینی ١٠ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، سزای نوێی بەسەر هەشت بەرپرسی حکومەتی ڤەنزوێلادا سەپاند و پاداشتیشی بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا لە ١٥ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ٢٥ ملیۆن دۆلار زیادکرد و ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستبەکاربوونی نیکۆلا مادۆرۆ و دەسپێکردنی خولی سێیەمی سەرۆکایتییەکەی لەڤەنزوێلا.

هاوکات، لەناو ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتی بایدن سزای بەسەردا سەپاندوون، هیکتۆر ئۆبرێگۆن، سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ڤەنزوێلا و رامۆن ڤێلاسکێز و وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و چەند بەرپرسێکی سەربازی تێدایە.

لەلایەکی دیکەوە، یەکێتی ئەورووپا، بەریتانیا و کەنەدا سزای هاوشێوەیان بەسەر بەرپرسانی ئێستا و پێشووی حکومەتی ڤەنزوێلادا سەپاندووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەشکرد،  کە مادۆرۆ و هاوکارەکانی بەردەوامن لە کارە سەرکوتکارییەکانیان لە ڤەنزوێلا و هەر بۆیە واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی وەک هاوسۆزی لەگەڵ گەلی ڤەنزوێلا ئەو درۆیانەی کە گوایە مادۆرۆ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بووە، رەتدەکەنەوە.

هەروەها، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا ئەمڕۆ لە وتارەکەیدا بۆ دەستبەکاربوونی، ئیدارەی جۆو بایدنی بە "تۆڵەسەندنەوە" تۆمەتبار کرد.

 













گەلەری