سەردێڕ:

ژنێک لەناو بەلەمێکی کۆچبەراندا منداڵی بوو

PM:11:36:09/01/2025

6172 جار خوێندراوەتەوە

هەواڵێک لەبارەى کۆچبەرانەوە، بەڵام ئەم جارە لەبری خنکان و بێسەرو شوێن بوون باسى لەدایکبوونى منداڵێک دەکەین لەناو بەلەمێکى کۆچبەراندا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، بەلەمێک بە چەندین کۆچبەرەوە لە رۆژئاوای ئەفریقاوە بەرەو ئیسپانیا بەڕێکەوتووە، لە ناویاندا ژنە کۆچبەرێکی دووگیان هەبووە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو ژنە لە کۆتا قۆناغەکانى دووگیانییدا بووە و هەر لەناو بەلەمەکە و لە نزیک دوورگەی لانزارۆتى ئیسپانیا منداڵەکەی بووە.

ئەوەشیان خستووەتەروو، پاش چەند خولەکێک کەشتییەکی فریاگوزاری ئیسپانی بەلای بەلەمەکەدا تێپەڕیوە و بینیویانە منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە باوەشی دایکیدایە، دەست بەجێ دایکی منداڵەکە و منداڵە تازە لەدایکبووەکەیان بە هێلیکۆپتەر گواستوەتەوە بۆ شاری ئارێ سیفی رۆژهەڵاتی دورگەکە.

بەرپرسانی ئیسپانیاش رایانگەیاندووە، تەندروستی دایک و منداڵەکە زۆر باشە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکدان و دوای دەرچوونیشیان لە نەخۆشخانە هاوکاری پێویست دەکرێن.

 

 













گەلەری