سەردێڕ:

نەخۆشخانەیەکی هەولێر بۆ دانەوەی تەرمێک بە کەسوکارەکەی داوای ١٠ ملیۆن دینار دەکات

PM:06:12:01/11/2021

17648 جار خوێندراوەتەوە

نەخۆشخانەیەکی هەولێر بۆ پێدانەوەی تەرمێک بە کەسوکارەکەی کە بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە، داوای ١٠ ملیۆن دیناریان لێدەکات، دەشڵێن، "بۆ ٣٢ رۆژ خەواندنی نەخۆشەکەیان ٣٥ ملیۆن دیناریان لێوەرگیراوە."


کەسوکاری ئەو نەخۆشە گردبوونەتەوە و باس لەوەدەکەن، نەخۆشەکەیان ٣٢ رۆژە لەو نەخۆشخانە ناحکوم "ئەهلی"یەیە و ٣٥ ملیۆن دیناریان داوە، وەک باسیشی دەکەن، بە بڕی ١٠ ملیۆن دینار دەرمانیان لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە کڕیوە.

داواش دەکەن، حکومەت لەگەڵیاندا بێت و لێکۆڵینەوە لەو گرفتەیان بکات، چونکە بڕە پارەیەکی زۆریان داوە و ئێستاش تەنها بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکە داوای ١٠ ملیۆن دیناری دیکەیان لێدەکەن.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە نەخۆشەکەیان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و تەمەنی ٦٥ ساڵ بووە، لە رابردوودا و "ماوەی ٣٢ رۆژە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، بەرپرسانی نەخۆشخانەکەش پێیان دەڵێن، دەتوانن تەنها بە بڕی ٪٢٥ داشکاندنیان بۆ بکەن."

یەکێک لە کەسوکاری ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، پسوڵەی پارەکانی پێبوو و بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "کوا داعشیش ئەو کارەی لەگەڵ خەڵکدا کردووە؟."

کەسوکارەکەی دەپرسن، "لە چ هۆتێلێکی پێشکەوتووی دنیاشدا شەوێک مانەوە ٩٠٠ هەزار دینارە؟" ئەوەشیان خستەڕوو، "ئەوان تەرمەکەی وەرناگرنەوە بە لە نەخۆشخانەکە بێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی هەرێم لە ئێستادا بەدەست زیادبوونی نەخۆشخانە ناحکومییەکان و نۆرینگە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنن و گلەیی ئەوەیان هەیە، لە بەشێکی نەخۆشخانە حکومییەکان گرنگی تەواو بە هاوڵاتیان نادرێت و بۆیە ناچارن بۆ ئەنجامدانی پشکنین و وەرگرتنی چارەسەری پێویست سەردانی نەخۆشخانە ناحکومی و نۆرینگەکان بکەن، بەڵام ئەوەش پارەیەکی زۆری تێدەچێت.

 













گەلەری