سەردێڕ:

سودانی گەیشتە هەرێم

AM:08:59:13/11/2024

8244 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە هەرێم و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە و بەگوێرەی زانیارییەنیش پرسەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و بەبانکیکردنی مووچە و چارەسەری مووچەی مانگی ١٠ و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا سەرەکیترین تەوەری گفتوگۆکانی دەبێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە هەرێم و بڕیاریشە، لە سەردانەکەیدا لە شاری سلێمانی سەردانی نەوەی نوێ بکات و لەگەڵ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆببێتەوە. هاوکات، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەر و بەشێکی لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە.

بڕیارە سودانی لەسەردانەکەیدا دۆسیەکانی پرسی پێکهیێنانی حکومەتی نوێ و موچە و بودجەی هەرێم و پرسی نەوت و چەند دۆسیەیەکی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و بەشێک لە بەرپرسانی باڵای لایەنەکان تاوتوێ بکات.

 

شەوی رابردووش، بەرپرسێکی باڵای نزیک لە سودانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سبەینێ سودانی دێتە هەرێمی کوردستان و بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ١٠ دەدات. وتیشی، لە سەردانەکەی سودانیدا بۆ هەرێم کێشەی موچە چارەسەر دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق کێشەی مووچە چارەسەر دەکات و گوژمەی پارە بۆ چارەسەری مووچەی مانگی ١٠ دەنێرێت، هەرچەندە کێشەی مووچەی هەرێم ئاڵۆزە و پێویستی بە کاتە بۆ چارەسەرکردنی.

ئەوەشی خستە روو، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنەکانی لەبارەی چارەسەری کێشەی مووچەوە دەباتە سەر و مووچەخۆرانی هەرێم هیچ تاوانێکیان نییە و ئەرکی سەر شانی هەرێم و بەغدایە کێشەی مووچە چارەسەر بکەن.

دەشڵێت، "مژدە دەدەمە مووچەخۆرانی هەرێم سبەی سودانی کێشەی مووچە بەشێوەیەکی کاتی چارەسەر دەکات و پێم وا نییە کێشەی مووچە چارەسەری نەبێت چونکە لە هەردوو لاوە نیازپاکی هەیە بۆ چارەسەر".













گەلەری