PM:03:54:07/11/2024
1624 جار خوێندراوەتەوە
ماوەی دوو رۆژە لە حاڵەتێکی نامۆ و سەیردا لە شارەزوور پەتای سکچوون و رشانەوە بە شێوەیەکی فراوان بلاوبووەتەوە، بە پێی سۆراغی ئێن ئارتیش نزیکەی هەزار کەس لە تەمەنە جیاوازەکان تووشی پەتاکە بوون کە زۆرینەیان منداڵن.
سەرەڕای ئەوەی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی شەهید رەوف بەگ بە تەواوی وزە و گیانی هاوکارییانەوە دوو رۆژە چاودێری و خزمەتی نەخۆشەکان دەکەن، بەڵام نەبوونی دەرمانی پێویست لە نەخۆشخانەکەدا بووە بە گرفت و بەشێکی تووشبووەکان رەوانەی سلێمانی کراون.
تاوەکو ئێستا تەندروستی شارەزوور هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکەی نەخستوەتەروو،
وەزارەتی تەندروستیش لیژنەیەکی پێکهێناوە و نموونەی ئاوی شارەزور وەرگیراوە کە
گومان دەکرێت هۆکاربووبێت بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاکە، بڕیاریشە لە ٤٨ کاتژمێری
داهاتوودا ئەنجامی پشکنینەکان بڵاوبێتە و هۆکاری نەخۆشیەکە دیاری بکرێت.
بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی سکچوون و رشانەوە لە کاتێکدایە، بەشێک لە هاوڵاتیانی
شارەزوور دەڵێن ساڵانێکە بە دەست گرفتی ئاوەڕۆوە دەناڵێنن، تەنانەت لە هەندێک لە گەرەکەکاندا
ئاوی خواردنەوە و زێرابی ماڵان تێکەڵ بووە.