سەردێڕ:

لیستی مووچەى مانگی ١٠ نێردرایەوە بۆ بەغدا؛ کەی پارە بۆ هەرێم دەنێردرێت؟

PM:08:24:03/11/2024

20136 جار خوێندراوەتەوە

پاش رەتکردنەوەى لەسەر بوونى ژمارەیەک کەموکوڕى، حکومەتى کاربەڕێکەر رایگەیاند، دووبارە لیستی مووچەى مانگی ١٠ـیان بۆ بەغدا ناردووەتەوە، چاوگێکیش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەگەر حکومەتی کاربەڕێکەر تێبینییەکانی بەغدای لەسەر لیستی مووچە چارەسەر کردبێت ئەوا لەم هەفتەیەدا پارەی مووچە دەنێردرێت.


لەمانگی ١١ـدا حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی ١٠ـی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر لیستی مووچەی مانگی ١٠ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە رەتکرایەوە و نێردرایەوە بۆ حکومەتی کاربەڕێکەر. چاوگێکیش بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، ئەگەر حکومەتی کاربەڕێکەر تێبینییەکانی بەغدای لەسەر لیستی مووچە چارەسەر کردبێت ئەوا لەم هەفتەیەدا پارەی مووچە دەنێردرێت.

لای خۆشییەوە، محمد زیادی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پرسی مووچە پرسێکی گرنگە چونکە تایبەتە بە تاکی عێراقی لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم دەبێت روونبێت لەپرسی مووچەدا بەرامبەر بە حکومەتی عێراقی لەپێناو ئەوەی هیچ بەربەستێک بۆ مووچە دروست نەبێت، پێویستیشە لەسەریان ئەو رێککەوتنانە جێبەجێ بکەن کە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کردوویانە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیایی داوە کە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان زامن کراوە بەڵام دەبێت مانگانە رێکارە کارگێڕی و ئیدارییەکان لە وادەی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆران دوانەکەوێت و هەرێمیش هەر مانگەو بەبیانوویەک خۆی لە رادەستکردنی لیستی مووچە دەدزێتەوە و دوای دەخات.

لە لایەکی دیکەوە، حەمید شبلاوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هیوادارە ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا چارەسەربکرێت پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەرانەوە و بە گرنگییەوە سەیری چارەسەری ئەو پرسە بکەن کە تایبەتە بە مافەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆران، چونکە کێشەکانیان پەیوەندی بەوانەوە نییە و ئەوان تاوانیان نییە، بۆیە پێویستە لەسەر حکومەتی ناوەندی و هەرێم ناکۆکییەکانیان بەپێی یاساکان چارەسەربکەن کۆتایی بەو گرفتانە بهێنن لەپێناو بەرژەوەندی گەلەکەیاندا.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت هەموو مانگێک لە ١٠ رۆژی یەکەمی مانگەکەدا لیستی مووچە و دەرخستەی کۆتایی مانگانە بدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی تەموویلی مووچە دوانەکەوێت و هەرێم پابەندی ئەو رێنماییە نییە. هەروەها پێشمەرجی عێراق بۆ بەردەوامی مووچەی هەرێم رادەستکردنی داهاتی نانەوتییە، بەڵام هەرێم ئامادە نییە دەست لە نیوەی ئەو داهاتە هەڵبگرێت یان بۆ بەغدا یان بۆ مووچە، ئەمەش کێشەی مووچە قوڵتر دەکاتەوە.













گەلەری