سەردێڕ:

بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی ١٠ـی هەرێم رەوانەى بەغدا بکرێتەوە

PM:08:11:02/11/2024

1900 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەى دەوامدا حکومەتى کاربەڕێکەر تێبینییەکانى بەغدا لەسەر لیستى مووچە چاک بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا و وردبینى بۆ لیستەکە بکرێت و هەر لەم هەفتەیەدا بەشێکى مووچە بنێردرێت.


ئەزموونى مووچەخۆران لەگەڵ حکومەتى کاربەڕێکەر لەبارەى فەوتان و لێبڕینى مووچەکانیان و کات کوشتنى بەرپرسانى هەرێم لە ئامادەکردنى لیستێکى مووچەى رێک و پێک یادەوەرییەکی تاڵی ساڵی رابردوو بیرى مووچەخۆران دەخاتەوە.

ساڵى رابردوو حکومەتى کاربەڕێکەر بەهۆى پابەند نەبوونیەوە بە یاسای بودجە لەوانەش رادەستنەکردنى داهاتەکان نەیتوانى سوود لە گەورەترین بودجە لە مێژووى عێراقدا ببینێت، نەک هەر ئەوە بەڵکو بەهۆى پاکنەکردنەوەى لیستى مووچە و ئامادەنەکردنى لیستێکى رێک و پێکی مووچەى مووچەخۆران لەلایەن ئەو حکومەتەوە، مووچەى سێ مانگی کۆتایی ساڵەکە فەوتا.

ئێستاش کە مانگی ١٠ تەواو بووە و حکومەتى عێراقیش مووچەى مانگی ١٠ـی مووچەخۆرانى خۆى دابەش کردووە، بەڵام هێشتا حکومەتى کاربەڕێکەر نەیتوانیوە لیستێکى بێ کەموکوڕى مووچەخۆران ئامادەبکات تاکو بەغدا پارەى مووچە بنێرێت.

چاوگێکى ئاگادار لە حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێم بە ئێن ئاڕ تى وت، بەغدا تێبینى لەسەر چەند خاڵێکى لیستى مووچەی مانگی ١٠ هەبووە، لەسەروو هەمویانەوە نەبوونى بایۆمەترى بەشێکى مووچەخۆران و نارێکى لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ تێکەڵکردنى لیستى چەند وەزارەت و فەرمانگەیەک.

حکومەتى کاربەڕێکەر کە لە ئێستادا کاری بۆ تەنها ئامادەکردنى لیستى مووچە کورت بووەتەوە، بەڵام ئەمساڵ هیچ مانگێک بە دروستى لیستى مووچەى رەوانەى بەغدا نەکردووە و هیچ مانگێکیش لەکاتى خۆیدا مووچەى دابەش نەکردووە.

خۆدزینەوەى حکومەتی کاربەڕێکەر لە مووچە، لەکاتێکدا کە داهاتى ناوخۆی هەرێم بەپێى راپۆرتى حکومەتى کاربەڕێکەر مانگانە ٤٥٢ ملیار دینارە و هاوکات داهاتى نەوتى قاچاخیش بە ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری مانگانە دەخەمڵێنرێت، بەڵام لە ١٣ مانگى رابردوودا حکومەتى کاربەرێکەر تەنها ٩ مووچەى دابەش کردووە و هیچ کاتێکیش وەڵامێکى روونى ئەو پرسیارەى نەداوەتەوە کە بۆچى لە داهاتەکانى ناوخۆ و نەوت مووچە دابەشناکات.













گەلەری