سەردێڕ:

وەزیری گواستنەوەی تورکیا: رێگای گەشەپێدان وڵاتانی کەنداو بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە

PM:05:01:01/11/2024

1620 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری گواستنەوەی تورکیا رایگەیاند، پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان وڵاتانی کەنداو بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و تا ئێستا ٩٠٪ـی دیزاینی پڕۆژەکە تەواو بووە.


ئەمڕۆ هەینی، عەبدولقادر ئیواغڵو وەزیری گواستنەوەی تورکیا رایگەیاند، لە ئێستادا جیهان پێویستی بە رێگەیەک هەیە بۆ ئەوەی وڵاتان و بازرگانیی جیهانی بەیەکەوە ببەستێتەوە، رێگای گەشەپێدانیش رۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو بە ئەوروپاوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە تەواوی پشتگیری پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان دەکەن و پێیانوایە پڕۆژەکە سوودێکی گەورەی بۆ ئابووریی عێراق و تەواوی ناوچەکە دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ کۆبوونەوەی وەزاری وەزیرانی گواستنەوەی عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات ئەنجام درا و لە کۆتاییدا بەیاننامەیەکی هاوبەشی هەرچوار وڵات بە مەبەستی پەسەندکردنی هەماهەنگی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان بڵاوکرایەوە.

لە رۆژی ٢١ـی ئاداری ساڵی رابردوو، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا رێککەوتن بۆ بنیادنانی هێڵی ئاسنین لە نێوان عێراق و تورکیا بە ناوی "پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان" کە ئامانج لێی گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیارانە لە بەندەری فاوی عێراقەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا.

پڕۆژەکە بە ١١ پارێزگاى عێراقدا تێدەپەڕێت کە لە بەندەری فاو دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ باکوورى کوردستان و تورکیا، درێژییەکەى هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەترە و تێچووی ١٧ ملیار دۆلارە، ١٠ ملیار دۆلار دەدرێت بە شەمەندەفەری کارەبایی و نزیکەى حەوت ملیار دۆلاریشى تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت، بڕیاریشە تاوەکو ساڵى ٢٠٢٨ قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو ببێت.













گەلەری