ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، نزیکەی ٢٨٢ ملیۆن برسی لە جیهاندا هەیە جەنگ و ئابووری و گۆڕانی کەشوهەواش دیارترین هۆکارەکانی برسێتین.
لە ژێر ناونیشانی (خۆراک مافی هەموانە)، ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە(فاو) چالاکییەکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی خۆراک ڕێکخست و لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند، نزیکەی ٢٨٢ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا گیرۆدەی برسێتییەکی سەخت بوون.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لە جەنگ و ئابوری، هۆکارێکی تر
لە پشت زیادبونی ڕێژەی برسێتیە، ئەویش دیاردەی کەشوهەوای (لانینا) یە، کە گەورەترین
گۆڕانکارییە لە سیستمی کەشوهەوای زەوی و لە نێوان ٢ بۆ ٧ ساڵ جارێک لە ناوچەی کەمەرەیی
ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن ڕوودەدات.
لەو چوارچێوەیەدا و بە وتەی زانایانی کەشناسی لە زانکۆی تەکساس لە ئەمریکا،
دیاردەی کەشوهەوای (لانینا) لە زەریای هێمن وایکرد ساڵی ٢٠٢٤ گەرمی زیاتر بەخۆوە
ببینێت و ڕیکۆردی ساڵی ٢٠١٦بشکێنێت.
کاریگەریی ئەو دیاردەیەش لەگەڵ دیاردەیەکی تر بە ناوی (نینۆ)، وادەکەن
کەشوهەواو ناجێگیربێت و لە چەند شوێنێک زریان و لافاو و لە چەند شوێنێکی تر وشکەساڵی
و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا ڕووبدات.
ئەوە لە کاتێکدایە نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە بەرپرسیارێتی بەرەنگاربوونەوەی
کێشەکانی پەیوەست بە خۆراک دەکەوێتە ئەستۆی هەموو تاکێک، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە بەفیڕۆدانی
خۆراک و برەودانی زیاتر بە بواری کشتوکاڵ.
هاوکات بەرپرسی کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە،
جیهان بەگشتی و وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەتایبەتی، بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیان لەسەر
شانە بەوەی پەلەبکەن لە گەیاندنی خۆراک و یارمەتیی مرۆیی بۆ ملیۆنان کەس لەو وڵاتانەی
برسێتی بەرۆکی گرتوون.
هەرچۆنێک بێت هەوڵی هەماهەنگی نێوان حکومەتەکان و دامەزراوە داراییەکان
و کەرتی تایبەت، تاکە ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی خۆراکی جیهانی، بۆ نمونە لە
وڵاتێکی وەک سۆماڵ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانی لە ساڵی ٢٠٢٢ دا هەزاران کەس لە لێواری
برسێتی ڕزگار بکات.