دوای ئەوەی ٢٦ـی ئەم مانگە ئیسرائیل چەند بنکەیەکی سەربازییان لە ئێران بۆردوومان کرد، سەرۆکایەتی ئەرکانی هێزەکانی ئێران باسی لەوە کرد، فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراقەوە بە دووریی ١٠٠ کیلۆمەتر لە سنووری ئێران مووشەکەکانیان هاویشتووە. دواى ئەوەش عێراق، سکاڵای لە دژی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتوەکان تۆمار کرد.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە سکاڵاکەدا باسی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل کراوە بەرامبەر عێراق بە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، باس لەوەش کراوە، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی لەگەڵ ئەمریکا هەیە بۆ پاراستنی سەروەریی و ئاسایشی عێراق، بەغدا داوایکردووە چیتر رێگە نەدرێت سەروەریی وڵاتەکەی پێشێل بکرێت.
هاوکات، لە رووی دابینکردنى سیستمێکى بەرگریی
ئاسمانیى بەهێزیشەوە، عێراق رووبەڕووى کێشە بووەتەوە، رۆژنامەى عەرەب ئەلجەدید لە
زاری چەند چاوگێکى ناوخۆی عێراقەوە باسى لەوە کردووە، هەر یەک لە ئەڵمانیا و فەرنسا
و ئیتاڵیا پاشگەزبونەتەوە لە بەڵێنی فرۆشتنی چەك بە عێراق.
هاوکات بەغدا بۆ ئەمساڵ ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری
لە بودجەی گشتی تەرخانكردووە بۆ كڕینی چەك و سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە بەشێک لە وڵاتانی
ئاسیا و ئەوروپا بۆ رێگریکردن لەو فرۆکە جەنگیانەی بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێدەپەڕن.
رۆژنامەکە ئاشکرای کردوە، تاوەکو ئێستا عێراق نەیتوانیوە
هیچ گرێبەستێكی گرنگ لەو رووەوە ئەنجامبدات، بەغدا پێیوایە ئیسرائیل رۆڵی هەیە لە
دروستكردنی بەربەست و پاشگەزکردنەوەى وڵاتە چەک فرۆشەکان، چونکە سەرەڕای ئەوەی ساڵی
رابردوو لێكگەیشتن هەبووە لەگەڵیان سەبارەت بە هاوكاریی لە بواری چەك، هەوڵەكانی عێراق
گەیشتووەتە بنەبەست.
بەرپرسێكی سەربازیی عێراقیش رایگەیاندووە، بەهۆی
سزا سەپێنراوەكانی خۆرئاوا بەسەر روسیادا، بەتایبەت لە بواری چەك، عێراق بەم دواییە
رویكردووەتە شەش وڵاتی خۆرئاوا و ئاسیا بۆ بەدەستهێنانی چەكی بەرگری ئاسمانیی، بەڵام
بۆی دەرکەوتووە سەرەڕای پێشوازیی گەرمیان و رەزامەندیی سەرەتاییان، رێوشوێنەكانی
تایبەت بە جێبەجێكردنی رێككەوتن و واژوكردن دەستی دەستی تیادا دەكرێت.