PM:10:18:22/10/2024
1736 جار خوێندراوەتەوە
ئەمریکا بۆ دامرکانەوەی شەڕ لە لوبنان و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ناردە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەوەش بە یانزەیەمین سەردانی بلینکن دادەنرێت لە سەرەتای جەنگی حەمماس و ئیسرائیلەوە.
شەوی دووشەممە سوپای ئیسرائیل ١٣ جار بۆردوومانی بەیروتی پایتەختی لوبنانی کرد و بە هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٤ کەسی دیکەش بریندار بوون، لە بەرامبەریشدا حزبوڵای لوبنان نزیکەی ١٧٠ موشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد، بۆ دامرکانەوەی ئەو ئاگرە و زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە، ئەنتۆنی بلینکن سەردانێکی حەوت رۆژی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێکرد و وێستگەی یەکەمی ئیسرائیل دەبێت، دواتریش سەردانی هەریەکە لە قەتەر و ئوردن دەکات.
لەوکاتەوەی کە جەنگی
نێوان حەمماس و ئیسرائیل دەستی پێکردووە، ئەم سەردانە یانزەیەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی
ئەمریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوکات، بلینکن
لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی
سەر ئێران دەکات، کەناڵی ١٤ـی ئیسرائیلیش بڵاوی کردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل ماڵی بەرپرسانی
ئێرانی بۆ ئامانجی هێرشەکانی زیاد کردووە، لە بەرامبەردا ئێران رایگەیاندووە،
ئامادەی هەموو سیناریۆیەکن بۆ فراوانبوونی شەڕەکە و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل.
هەر سەبارەت بە
راگرتنی شەڕ لە غەززە، میسڕ پێشنیارێکی نوێی پێشکەش بە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل
ناسراو بە شاباک کردووە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، بە جۆرێک، داوای کردووە سەرەتا
ئاگربەستەکە بە ئاڵوگۆڕی سنووردار دەست پێ بکات و دواتر کار لەسەر ئاگربەسێکی گەورەتر
بکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ماڵوێرانی لە ناوچەکەدا.