سەردێڕ:

دوو هەفتەیە حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی پارتی و یەکێتی دەستی بەسەر پارەی مووچەدا گرتووە

PM:07:57:15/10/2024

2108 جار خوێندراوەتەوە

دوو هەفتەیە حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی پارتی و یەکێتی دەستی بەسەر ئەو پارەیەدا گرتووە کە بەغدا بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی ناردووە. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، پارتى و یەکێتى رێککەوتوون لەسەر ئەوەى پارەکەى بەغدا هەڵبگرن و لە رۆژانى هەڵبژاردن وەکو بانگەشە دابەشى بکەن.


سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق بڕی ترلیۆنێک و ١٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە کردووە، بەڵام حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی پارتی و یەکێتی ئامادە نییە دابەشی بکات.

هەر لەو بارەیەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەمویلی تەواوی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێمیان ناردووە، لە ئێستاشدا هەرێم داوای پارەی دیکەیان لێ دەکات.

پێشتریش پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا باسی لەوە کرد، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە بەشی ژمێریاری و بودجەی وەزارەت زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق و وەزیری دارایی عێراق کردووە و لە کۆبوونەوەکاندا داوای ٢٥٠ ملیار دیناری دیکەیان کردووە بۆ مووچەی مانگی نۆ.

لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە وەزیری دارایی عێراقیش رایگەیاند، لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم پابەندی رادەستکردنی هیچ داهاتێکی نەوتی نەبووە بە بەغدا.

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی بڕیارەکە حکومەتی عێراق بەردەوام پارەی مووچەی بۆ هەرێم ناردووە و پارەی مووچەی ساڵانەى هەرێمیش بۆ ١٣ ترلیۆن دینار زیادی کردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانى هەرێم هیچ داهاتێکی نەوتییان نەگەڕاندووەتەوە بۆ بەغدا.

ئەوە لەکاتێدایە، حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی پارتی و یەکێتی، دوو هەفتەیە دەستى گرتووە بەسەر نزیکەى ترلیۆنێک دینارى بەغدا و ئامادە نییە لیستى مووچەى مانگى نۆ رابگەیەنێت.













گەلەری