سەردێڕ:

بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی چەند فڕۆکەی تایبەتیان بە داهاتی هەرێم کڕیوە؟

PM:08:53:14/10/2024

3600 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی هەریەکە لە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی ونێچیرڤان بارزانی لە بنەماڵەی بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە بنەماڵەی تاڵەبانی خاوەنی فڕۆکە و هێلیکۆپتەری تایبەت بە خۆیانن لەکاتێکدا مووچەخۆران و تەنانەت کادرانی پارتی ویەكیتیش بێ مووچەن، ڕێگاوبانەکانی نێوان شارەکان وێرانن ئەوانیش بە هێلیکۆپتەر هاتوچۆ دەکەن، کە بە پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان کڕیویانە.


بەپێی زانیارییەکان مەسرور بارزانی جگە لەوەی خاوەنی هیلکۆپتەری تایبەت بە خۆیەتی، گرێبەستی بەکرێگرتنی فڕۆکەی تایبەتی لەگەل کۆمپانیایەکی کەنەدیدا هەیە کە جۆری فڕۆکەی گلۆبالی ٥٥٠٠ بۆ دابین دەکات بەشێوەی ڤی ئای پی کە نرخی گرێبەستی یەک کاتژمێری نزیکەی ١٢ هەزار دۆلارە.

کرێی ئەو فڕۆکەیە لە داهاتی خەڵک دەدزرێت و هاوکات مەسعود بارزانیش هەمان ئەم هێلیکۆپتەر وفڕۆکەیە بەکاردەهێنێت و واتە کوڕ و باوک پێکەوە فڕۆکە وهێلیکۆپتەری هاوبەشی هەیە و هەر فەرمانبەرێکیش ٣٥ ملیۆن دیناری تەنها لە مووچەدا لێبڕاوە.

نێچیرڤان بارزانیش فڕۆکەیەکی تایبەتی هەیە بەناوی فالکۆن هەشت ئێکس کە نرخەکەی نزیکەی ٦٠ملیۆن دۆلارە لە جۆری ڤی ئای پیە و جێگای ١٢سەرنشینی هەیە کە بە داهاتی خەڵک کڕدراوە، هەر بەپێی زانیارییەکان نێچیرڤان بارزانی جگە لە فڕۆکەیەکی تایبەت هێلیکۆپتەرێکی تایبەتیشی هەیە کە نرخەکەی سەروو ٢٠ ملیۆن دۆلارە.

بنەماڵەی تاڵەبانیش لەسەر حسابی تاڵانکردنی داهاتی خەڵك هێلیکۆپتەری تایبەت بە خۆیان هەیە، بافڵ تاڵەبانی هیلکۆپتەری جۆری یۆرۆی فەرەنسی کڕیوە کە نرخەکەی زیاتر لە ٢١ ملیۆن دۆلارە لە پارەی داهاتی ناوخۆ کڕدراوە، جگەلە دوو هێلیکۆپتەری دیکە کەبەهاکەیان ١٠ ملیۆن دۆلارە.

قوباد تاڵەبانیش خاوەنی کۆپتەری بێلە و دروستکراوی ئەمریکایە بەهاکەی ملیۆنان دۆلارە و لە بەر خراپی ڕێگاوبانەکان هەندێک جار ڕووی ئەوەی نییە بە ئۆتۆمبێل سەردانی ناوچەکان بکەن و بە هێلیکۆپتەر گەشت دەکات.

جیا لەوەش قوباد تاڵەبانی بۆ گەشتە تایبەتەکانی بۆ دەرەوەی هەرێم لەگەل کۆمپانیایەکی هاوبەشی بەریتانی و کەنەدی گرێبەستی بەکرێگرتنی فڕۆکەی هەیە کە ملیۆنان دۆلار لەسەر داهاتی خەڵک بۆ گەشتەکانی خەرج دەکات.

هاوکات ئێن ئاڕ تی زانیویەتی بەناوی سەرۆکایەتی کۆمارەوە ماڵی تاڵەبانی شەش هێلکۆپتەریان وەرگرتووە، بەڵام دوو لەو هێلیکۆپتەرانە دیارنەماوە و دەوترێت فرۆشراون بە لایەنێکی نادیار و هەریەکەیان بەهاکەیان سەروو ٢٠ ملیۆن دۆلارە.

شارەزایەکی فڕۆکەوانی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئەو هێلیکۆپتەرانەی ماڵی بارزانی و تاڵەبانی کڕیویانە وەک هێلیکۆپتەری علوج دەناسرێت، چونکە دەبێت فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکان موڵكی گشتی بن وئەمەش دزییە لەسەر حسابی قوت و مووچەی خەڵک.

لە دەرئەنجامدا ئەوەی دەبینرێت ماڵی بارزانی وتاڵەبانی سەدان ملیۆن دۆلاری خەڵكیان دزیوە تەنها بۆ کڕینی فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و ئامادەنین نە مووچە بدەن نە ڕێگاوبانەکان چاک بکەن، جیا لە دزینی داهاتی نەوت و ناوخۆ، هاوشێوەی حکومڕانی چەتەکان ئەوەی خۆشیان دەخۆن و ئەوەی خەڵکیش هەر دەخۆن.













گەلەری