سەردێڕ:

لەسەر مارمێلکە؛ داواکاری گشتیی تەکساس سکاڵا تۆماردەکات

PM:07:37:26/09/2024

1736 جار خوێندراوەتەوە

داواکاری گشتی لە ویلایەتی تەکساس دژی بڕیارێک بۆ تۆمارکردنی جۆرێک لە مارمێلکە لە لیستی ئەو ئاژەڵانەی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە سکاڵای یاسایی تۆماردەکات و دەڵێت بڕیارەکە زیان بە خاوەن زەوی و کۆمپانیاکانی وزە دەگەیەنێت.


بەپێی ماڵپەڕی رۆیتەرز کێن پاکستۆن داواکاری گشتیی ویلایەتی تەکساس سکاڵای دژی بڕیارەکە تۆمارکردووە و دەڵێت، "کاریگەری لەسەر بازرگانیی نەوت و وزە دەبێت".

ئەو مارمێلکەیەی هەرای ناوەتەوە بە مارمێلکەی تەپۆلکە لمینەکان ناسراوە و رەنگی قاوەیی کاڵە و قەبارەکەی دەگاتە نزیکەی حەوت سانتیمەتر، بەوە ناسراوە کە لەژێر دار بەڕوو دەژی، وە لەژێر لم خۆی دەشارێتەوە بۆ پارێزگاری لە راوکردنی و نزمکردنەوەی پلەی گەرمی لەشی.

ئاژانسی حکومەتی ئەمریکا بۆ خزمەتگوزاری ماسی و گیانلەبەرە کێوییەکان دەڵێت، بڕیاردراوە ئەو جۆرە لە مارمێلکە بخرێتە لیستی ئەو گیاندارانەی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە ئەوەش بەمەبەستی پاراستنی مارمێلکەی تەپۆلکە لمینەکانە لەسەر بنەمای چەند لێکۆڵینەوەیەکی زانستی کە دەریدەخەن خشۆکە بچوکەکە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.

 

رێکخراوەکانی پاراستنی سروشت دەڵێن، بەهۆی کاری کۆمپانیاکانی نەوت و گاز ئەم مارمێلکەیە لە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی مەکسیکۆی نوێ و رۆژئاوای تەکساس کەوتووەتە بەر مەترسی.

پێشتر، ئاژانسی حکومەتی ئەمریکا بۆ خزمەتگوزاری ماسی و گیانلەبەرە کێوییەکان بڕیاری دا لە ٢٠ی شەشی ٢٠٢٤ بە فەرمی ئەم مارمێلکەیە بچێتە ناو لیستی ئەو گیاندارانەی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

کۆنگرێسی ئەمریکا ساڵی ١٩٧٣ یاسایەکی دەرکرد تایبەت بە پاراستنی ئەو زیندەوەرانەی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. بە گوێرەی یاساکە، ئەو گیاندارەی دەچێتە ناو لیستەکەوە کوشتن و ئازاردان و زیانگەیاندن بە ژینگەکەی قەدەغەیە.













گەلەری