بە وازهێنان لە خواردنی شەکر، وردە وردە ئارەزووی خواردنی کەم دەبێتەوە و کەسەکە هەست بە گۆڕانکارییەکی ئەرێنی دەکات لە باری دەروونی و کۆنترۆڵی هەستەکانیدا.
بە پێی ئەوەی ماڵپەڕی "العربیة" بڵاوی کردووەتەوە، لە درێژخایەندا کەمکردنەوەی شەکری پاڵاوتە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک، بەم شێوەیەی خوارەوە:
١. دابەزاندنی کێش، وازهێنان لە شەکر دەتوانێت یارمەتیت بدات لە دابەزاندنی کێشی زیادە بە شێوەیەکی بەردەوام، ئەگەر کەسێک بتوانێت بەردەوام بێت لە سنووردارکردنی خواردنی شەکر، ئەوا دەتوانێت بە درێژایی تەمەنی بەردەوام بێت لە دابەزاندنی کێشی، کەمکردنەوەی وەرگرتنی شەکری پاڵاوتە لە رێجیمەکەدا مانای وایە ئەو کەسە چیتر ئەو خۆراکانە ناخوات کە کالۆری بەتاڵ یان کەم ریشاڵی تێدایە وەک بسکیت و نان و مەعکەرۆنی و هتد.
٢. رزگاربوون لە چەوری ورگ، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک ئەو خۆراکانەی شەکریان زۆرە، دەبنە هۆی زیادبوونی چەورییە مەترسیدارەکانی دەوروبەری دڵ و سک، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە چەندین نەخۆشی درێژخایەن زیاد دەکات.
٣. خاوکردنەوەی پیربوونی پێست، نەهێشتنی شەکر لە خۆراکدا سوودی چاوەڕواننەکراوی هەیە بۆ پێست، لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن کە کەمکردنەوەی شەکر پەیوەستە بە زیاتر گەنجمانەوەی پێستەوە چونکە پیربوونی پێست دوادەخات.
٤.چالاکی زیاتر، یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییەکان کە مرۆڤ هەستی پێدەکات دوای وازهێنان لە شەکر یان کەمکردنەوەی رێژەی شەکرەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبوونی ئاستی وزەیە، کاتێک خواردنی شەکری پاڵاوتە کەم دەکاتەوە، ئاستی شەکر لە جەستەیدا هاوسەنگتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە میزاجێکی جێگیرتر و ئاستی وزەی لە رۆژدا بپارێزێت، کەمتر هەست بە خەواڵوویی دەکات و زیاتر دەروونی ئارام دەبێت.
٥.کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ، کەم خواردنی شەکر مەترسی تووشبوونت بە نەخۆشی شەکرە کەم دەکاتەوە، نەخۆشی شەکرە ئەگەری تووشبوونت بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن یان بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ زیاد دەکات، ئەمەش ئەگەری تووشبوونت بە جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک زیاد دەکات.