سەردێڕ:

تەقینەوەی ئامێری پەیوەندی "پەیجەر" لە لوبنان ٨ گیانلەدەستدان و سەدان برینداری لێکەوتەوە

PM:06:52:17/09/2024

5696 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی 'پەیجەر' لە وڵاتەکەدا، هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی دوو هەزار و ٨٠٠ کەسیش بریندار بوون کە ٢٠٠ کەسیان برینەکانیان سەختە.


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندار بوون بەهۆی تەقینەوەی پەیجەرەکان زیادی کردووە.

باسی لەوەش کرد، بەپێی دوایین ئامارەکان، هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی دوو هەزار و ٨٠٠ کەس، ٢٠٠ کەسیان بە سەختی بریندار بوون.

لای خۆشییەوە، فیراس ئەبیاد وەزیری تەندروستی لوبنان ئاماژەی بەوە کردووە، ١٠٠ نەخۆشخانە بەشداربوون لە وەرگرتن و چارەسەرکردنی بریندارەکان کە زۆربەی برینەکان لە دەموچاو و دەست و سکدا بوون. 

هاوکات، حزبوڵای لوبنان ئیسرائیل بە تەقینەوەی پەیجەرەکان تۆمەتبار دەکات و لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل هیچ راگەیانراوێکی لەوبارەیەوە نییە.

ئامێری پەیوەندی "پەیجەر" چیە؟

پەیجەر کە بە بیپەر یان بلیپەر ناسراوە، ئامێرێکی پەیوەندییە بێتەلەکانە کە پەیامی ئەلفوبێی ژمارەیی یان دەنگی وەردەگرێت و پیشانی دەدات. دوو جۆری هەیە، یەکەمیان (تاکڕەو) کە تەنها دەتوانن پەیامەکان وەربگرن، دووەمیان (جووتڕەو) کە دەتوانن بە بەکارهێنانی راگوێزەرێکی ناوخۆیی دان بە پەیامەکاندا بنێن و وەڵامیان بدەنەوە و سەرچاوەیان بگرن.

پەیجەر ئامێرێکی بچووکی ئەلیکترۆنییە کە بەکاردێت بۆ وەرگرتنی نامەی کورت یان ئاگادارکردنەوە (نۆتیفیکەیشن) بەبێ ئەوەی پێویستی بە هێڵی ئینتەرنێت هەبێت. پێش ئەوەی مۆبایل بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەست بێت، لە ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ وەک ئامڕازێکی سەرەکی پەیوەندیکردن بەشێوەیەکی باو بەکاردەهێنرا.

پەیجەرەکە بە سادەیی کاردەکات، بەکارهێنەران کۆدێک دەخەنە ناو ئامێرەکەوە، کە دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندێکی وەرگر یان سیستەمێک کە ئاگادارکردنەوەیەک بۆ پەیجەرەکە دەنێرێت. پەیجەر دەتوانێت نامەی کورت یان ئاگادارکردنەوەی کورت پیشان بدات و لە هەندێک مۆدێلدا بەکارهێنەران دەتوانن وەڵامی نامەکان بدەنەوە یان پەیوەندی بە ژمارەیەکی دیاریکراو بکەن.

هەرچەندە بەکارهێنانی پەیجەرەکان لەگەڵ هاتنی مۆبایلە زیرەکەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام هێشتا لە هەندێک بوارە تایبەتمەندەکاندا بەکارهێنانیان ماوە، وەک نەخۆشخانە و دامەزراوەکانی چاودێریی تەندروستی، کە بەکاردێن بۆ ئاگادارکردنەوە خێرا و متمانەپێکراوەکان.


 













گەلەری