زۆرجار هەست دەکەیت لێدانی دڵت خاو دەبێتەوە و دەست و قاچەکانت زۆر ساردن، رەنگە ئەمەش نیشانەیەکی باش نەبێت بۆ تەندروستی، کەمبوونەوەی پەستانی خوێن رەنگە ئاماژە بێت بۆ نەڕۆیشتنی خوێن بۆ ئەندامەکانی جەستە، ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک سەرگێژخواردن و ماندوێتی.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی " The Times of India" رەنگە ساردبوونی دەست و قاچەکان بەهۆی چەند هۆکارێکەوە رووبدەن، لەوانە خراپی سووڕی خوێن یان کاردانەوەی جەستە بەرامبەر بە بێتوانایی لە پاراستنی پلەی گەرمی ناوەکی، پزیشکانیش باس لەوە دەکەن، پێویستە چارەسەری ئەم نیشانانە بکرێت، چونکە رەنگە ئاماژە بن بۆ کێشە تەندروستییە بنەڕەتییەکان.
لێرەدا چەند
هەنگاوێکی گشتی دەخەینەڕوو کە یارمەتیدەرە لە خۆبەدوورگرتن لە ساردبوونی دەست و
قاچەکان:
١. دڵنیابە لە شێدارکردنی جەستەت، دڵنیابە کە ئاوی
پێویست دەخۆیتەوە، چونکە وشکبوونەوە لەوانەیە ببێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن و
ساردبوونی دەست و قاچ.
٢. ژەمە
بچووک و بەردەوامەکان بخۆ، ژەمە گەورەکان هەندێک جار دەبنە هۆی دابەزینی پەستانی
خوێن، بۆیە خواردنی ژەمە بچووکەکان و رەنگە زووتر یارمەتیدەر بێت بۆ خۆپاراستن.
٣. جوڵەی وردە وردە و بەردەوام بکە، بۆ نموونە ئەگەر
بۆ ماوەیەکی زۆر دادەنیشیت ئەوا هەوڵبدە زوو زوو هەڵبستیت و جوڵەیەک بکەیت، واتە
شوێنەکەت بگۆڕیت بۆ ئەوەی پەستانی خوێنت لەناکاو دانەبەزێت.
٤. لە وەرزی سەرمادا
خۆت گەرم بکەرەوە، جل و بەرگی گەرم بپۆشە و بەتانی بەکاربهێنە ئەگەر دەست و قاچت
سارد بوو.
لە راپۆرتەکەدا
ئەوەش هاتووە، پێویستە ئەو نیشانانە بناسرێتەوە کە رەنگە ئاماژە بن بۆ حاڵەتێکی
جددی، چونکە ئەگەری هەیە مەترسی لەسەر ژیان دروست بکات، هەندێک نیشانەکانیش بریتین
لە دابەزینی پەستانی خوێن و سەرمابوونی دەست و قاچ کە رەنگە ئاماژە بن بۆ حاڵەتێکی
مەترسیدار، بۆیە پێویستە راوێژ بە پزیشک بکرێت ئەگەر هەر نیشانەیەک دەرکەوت.