سەردێڕ:

بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو؛ مووچەی خانەنشینان چی لێدێت؟

PM:03:09:02/09/2024

4860 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی حكومەتی کاربەڕێکەر لەژێر فشارەکاندا رەزامەندی دا بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و هەمواركردنەوەی مووچەی خانەنشینانی هەرێم بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی ژمارە ٩ـی عێراقی ٢٠١٤ـی هەمواركراو، لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی حەوتدا، لیستی مووچەی خانەنشینانی بە هاوتاکراوی ناردە بەغدا.


لەساڵی ٢٠١٤دا یاسایی یەکگرتووی خانەنشینی لە عێراق پەسەندکرا، بەڵام مووچەی خانەنشینانی هەرێم تاوەکو دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی ئەمساڵیش بە یاسای ساڵی ٢٠٠٦ و چەند یاسایەکی دیکەی خانەنشینی دابەش دەکرا، کە بەشێک لە خانەنشینان مووچەکانیان کەمترە لە ٢٠٠ هەزار دینار.

لە هەرێم ٢٧٧ هەزار و ٥٤١ خانەنشین هەیە و کۆی مووچەکانیان ١٢٢ ملیار دینارە، بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووش جگە لە زیادکردنی موچەکانیان هەریەکەیان ١٠٠ هەزار دینار دەرماڵەی گوزەرانیان بۆ خەرج دەکرێت.

لە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینیدا؛ کەمترین مووچە ٥٠٠ هەزار دینار دەبێت و ئەو مووچەخۆرانەی لە دوای ساڵی ٢٠١٥ـەوە خانەنشین کراون، سەرەتا پلەبەرزکردنەوەی ئەو ساڵانەیان بۆ دەبەسترێت کە راگیرابوو، دواتر لەسەر دواین مووچە، مووچەی خانەنشینیان هاوتای بەغدا دەکرێت.

ئەو كەسانەی كە خۆیان لە ژیاندان، راستەوخۆ مووچەكەیان دەبێتە ٥٠٠ هەزار و ١٠٠ هەزار دەرماڵەیان دەبێت، گەر بڕوانامەیان هەبێت و ساڵانی خزمەتیشیان زۆر بێت ئەوا بەپێی بڕوانامە و ساڵی خزمەتەكەیان مووچەكەیان تاوەکو ٨٠٠ هەزار دینار زیاد دەکات.

لەو بارەیەوە پێشتر، سادق عوسمان وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە یەک یاسا و مەرج و پێوەر، خانەنشین دەکرێن.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، یەک دامەزراوە بەناوی 'دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی' تایبەتمەند دەبێت بە خانەنشینی لە سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی (شارستانی و سەربازیی و پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ).

هـ.ئـ













گەلەری