سەردێڕ:

عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ كەمتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت کەمکردەوە

AM:10:20:30/08/2024

2900 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، لە چوارچێوەی پلانێکدا لەگەڵ ئۆپیکدا عێراق دەیەوێت لە مانگی ئیلولدا بەرهەمهێنانی نەوت بۆ سێ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمبکاتەوە.


ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووتەوە بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو نەوتە زیادەیەی ئەمساڵ بەرهەمیهێناوە و لە چوارچێوەی پلانێکدا لەگەڵ ئۆپیک عێراق دەیەوێت بەرهەمهێنانی نەوت بۆ سێ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمبکاتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە عێراق لە حەوت مانگی ئەمساڵدا یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی زیادەی بەرهەم هیناوە و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو بڕەش لەگەڵ ئۆپیک پڵەسدا لە چوارچێوەی پلانێکدا بۆ ماوەی یەک ساڵ بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.

رۆیتەرز لە زاری چاوگێکەوە لە ئۆپێك ئەوەی خستووەتە روو، عێراق لەمانگی تەمموزی رابردوودا نزیكەی چوار ملیۆن و ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە رۆژانە، ئەوەش لە پشكی خۆی زیاترە کە چوار ملیۆن بەرمیلی رۆژانەیە و وەزارەتی نەوتی عێراق پلانێكی پێشكەش بە ئۆپێك كردووە بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو زیادەی بەرهەمهێناوە، لەم مانگەوە تا مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو.

دوێنێش، وەزارەتی نەوتی عێراق کۆی هەناردەکردنی نەوتی بۆ مانگی تەمموز بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بەتێکڕا زیاتر لە ١٠٨ ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەناردە کردووە و بەگوێرەی راپۆرتی مانگانەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەماوەی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٧٢٦ ملیۆن و ٩٨ هەزار و ١٧ بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە.

پێشتریش ئۆپیک رایگەیاند، لە مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵەوە تا مانگی تەمموز عێراق یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی زیادەی بەرهەمهیناوە.













گەلەری