دواى هۆشدارییەکەى ئۆپێک بە وەزارەتى نەوتى عێراق و سۆراغەکانی ئێن ئاڕ تی، ئەمڕۆ لیژنەیەك لە حكومەتی عێراق بۆ سۆراغی فرۆشتنی نەوت بە تانكەر لە ڕێگەی دەروازە سنورییەكانەوە گەیشتە هەرێم، بەر لە گەیشتی لیژنەکەش پارتی و یەکێتی سەرجەم تانکەرەکانیان ئاودیو کرد.
بەپێی زانیارییەکان لیژنەکەى حکومەتى عێراق بۆ بەدواداچوون لەسەر مەلەفى نەوتى قاچاغ هاتووە، کە لە دوای راگرتنى هەناردەى نەوتی هەرێم بە بۆرى؛ لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە بەردەوامە.
هاوکات ئێن ئاڕ
تی ئەوەی زانیوە، پاش ئاگاداربوونیان لە هاتنی شاندەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق پارتی
و یەکێتی سەرجەم تانکەرە نەوتەکانیان ئاودیوی ئێران و تورکیا کردووە و هیچ تانکەرێک
لەسەر مەرزەکان نەماوە.
بە جۆرێک، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیلە دەروازی نێودەوڵەتی
باشماخ، پارتی و یەکێتی سەرجەم تانکەرەکانیان ئاودیوی سنوور کردووە و ئەوەشی کە
ماوەتەوە، رەوانەی گوندەکانی سنووری دەروازەکەیان کردوون.
لەو بارەیەشەوە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، "ئۆپیک
لەبارەی فرۆشتنى نەوتی هەرێم بە قاچاخ هۆشداری پێداوین".
وەزارەتی نەوتى عێراق بە ئێن ئاڕ تى راگەیاندبوو،
رێکخراوی ئۆپیک هۆشداری داوە لەوەی پشکی رێگەپێدراوی عێراق بۆ هەناردەی نەوت چوار
ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، بەڵام مانگی تەمموز رۆژانە چوار ملیۆن و ٢٥٠ هەزار بەرمیل
نەوتی هەناردەکردووە.
رێکخراوەکە بە وەزارەتى نەوتی عێراقی وتووە، نەوتی بە
قاچاخ فرۆشراوی هەرێمیش لەسەر رێژەی فرۆشی گشتی عێراق هەژمار دەکەن و چیتر هەر بڕە
نەوتێک لە هەرێمەوە هەناردەبکرێت، لە عێراقى کەمدەکەنەوە.
بەپێى تازەترین زانیارییەکان، یەکێتی و پارتى لە دەروازە
سنورییەکانی پەروێزخان، باشماخ، حاجى ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیلەوە رۆژانە نزیکەى
٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەى وڵاتانى ناوچەکە دەکەن و داهاتى ئەم نەوتە قاچاغەش
مانگانە بە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە.