سەردێڕ:

گەلاوێژ کەوتووە؛ گەلاوێژ کەوتن چییە و لە کوردەواریدا بۆچی وای پێدەوترێت؟

PM:04:09:12/08/2024

28320 جار خوێندراوەتەوە

گەلاوێژ کەوتووە، یان گەلاوێژ ئەنگوت؛ ئەو دەستەواژەیەی لە کوردەواریدا فێنکی بەدوای خۆیدا دێنێت.


بەرلەوەی دەستەواژەی گەلاوێژ دەکەوێت یان دەنگوێت روونبکەینەوە، باس لە ئەستێرەی گەلاوێژ دەکەین؛ ئەو ئەستێرەیەی رووناکیەکەی ٢٦ هێندەی خۆرە.

ئەستێرەی گەلاویژ؛ رووناکترین ئەستێرەی ئاسمانە و دووهێندەی خۆر قەبارەی گەورەیە، رووناکیەکەشی ٢٦هێندەی خۆر زیاترە، بەڵام دووری ئەستێرەی گەلاوێژ لە زەوییەوە نزیکەی ٩ ساڵی رووناکی زیاترە، بۆیە هاوشێوەی خۆر رووناکیەکەی ناگاتە سەر زەوی.

ئەستێرەی گەلاوێژ بەشێوەیەکی گشتی ساڵانە لە ئاسماندا دیارە، بەڵام لە وەرزە گەرمەکاندا درەوشانەوەی بەوجۆرە ناگاتە سەر زەوی کە لە وەرزەکانی دیکەدا دەگات.

گەلاوێژ دەکەوێت یان دەنگوێت

ئەو دەستەواژەیەیە هەر لە کۆنەوە لە کوردەواریدا بەکارهاتووە و بەو مانایە دێت، چیتر ئەو گەرمایەی لە وەرزی هاویندا بە شەو و رۆژ برستی لە خەڵک دەبڕی، نامێنێ و شەوان فێنک دەبێت.

لە ساڵنامەی کوردیدا؛ مانگی ئاب بە گەلاویژ ناودەبرێت و لە ٢٠ یان ٢١ و لە ساڵە پڕەکاندا ٢٢ی مانگی ئاب دەستپێدەکات، بەڵام ئەستێرەی گەلاوێژ بەشێوەیەکی گشتی لە نێوان ٥ تاوەکو ١٠ و ١٢ی مانگی ئابدا دەردەکەوێت کە دەکاتە کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی کوردی، بەمەش لە کوردەواریدا ئەو مانگەی لەدوای خەرمانانەوە دێت بە گەلاوێژ ناونراوە.

ساڵنامەی کوردی

بەر لەوەی کار و رووداوەکان بخرێنە ناو زنجیرەی ساڵ و رۆژەوە، ساڵ بە رووداوەکان دیاریدەکرا، بە رووداوەکان کات دیاریکراون و پێشبینی بۆ رووداو و کاتی داهاتوو کراوە.

بە گەڕانەوە بۆ مێژوو لە خاکی کوردستان 'کوردستانی گەورە' هەر لە مێژەوە بە روانین لە ئاسمان و خاک توانیویانە کاتی گۆڕانی وەرزەکان بزانن، تاوەکو دانانی ساڵنامەی کوردی کە بە روانین لە دەوروبەر دەتوانیت بزانیت لە چ مانگێکیدایت.

ساڵنامەی کوردی ساڵنامەیەکی هەتاوییە و پەیوەستە بە جوڵەکانی سروشتەوە، بەگشتی ساڵنامەی کوردی ٧٠٠ ساڵ بەر لە زایینی بۆ هەژمار کراوە و دابەش بووە بەسەر چوار وەرزدا، هەر وەرزێک لە سێ مانگدا جێگیر کراوە، شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٣١ رۆژە، پێنج مانگی کۆتایی ٣٠ رۆژە و مانگی کۆتایی ٢٩ رۆژە و لەساڵە پڕەکاندا ٣٠ رۆژە.

گەلاوێژ کەوتووە یان گەلاوێژ ئەنگوت

لەئێستادا لە هەرێم گەلاوێژ کەوتووە، ئەوەش بەو مانایە دێت چیتر پلەکانی گەرما لە بەرزبوونەوە دەوەستن و بەشێوەی مانگی خەرمانان بەرزنابنەوە، هەروەها شەوان فێنکتر دەبێت.

لە نیشانە دیارەکانی گەلاوێژ کە لە کۆنەوە هەستی پێکراوە و دەماودەم لە باوباپیرانەوە بیستراوە، پەرەسێلکە و حاجی لەق لەق کۆچ دەکەن بەرەو شوێنە گەرمەکان و بەپێچەوانەوە کوندەپەپوو دەردەکەوێت.

دووبارە چرۆکردنەوەی دار و کەمترپێویستی رووەک و باخ و دار بە ئاو، پێگەیشتن و ئاوداری و شیرینی ترێ، وەرزی مازوو، نزیکبوونەوەی زیاتری هەندێک ئاژەڵ لەیەکتر، لە نیشانەکانی دیکەن.

هەروەها لە کۆندا کە گەلاوێژ دەکەوت، دەوترا مەلەکردن و خۆشۆردن بە دەمەوئێوارە گونجاو نییە و رەنگە ئەو کەسە سەرمای ببێت و نەخۆش بکەوێت.

هەرچەندە لەرووی زانستییەوە ئەستێرەی گەلاوێژ پەیوەندی بەوەوە نییە هۆکارێک بێت بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و فێنکبوونی کەش، بەڵام وەک نیشانەیەک دیاریکراوە کە بە دەرکەوتنی ئەو ئەستێرەیە فێنکی رووی لە ناوچەکە کردووە.

کەی دەتوانیت گەلاوێژ ببینیت؟

لە هەرێمی کوردستاندا بۆ بینینی ئەستێرەی گەلاوێژ، پێویستە دەمەوبەیانییان کە دنیا هێشتا تاریک و لێڵە و رووناک نەبووەتەوە، لە شوێنێکی تاڕادەیەک بەرزەوە لە خۆرهەڵات بڕوانیت.

ئەگەر بە روونتر و ئاسانیش دەتەوێت گەلاوێژ ببینیت، ئەوا لە کۆتاییەکانی مانگی ئابدا واتە لە ناوەڕاستی مانگی گەلاوێژ، لە بەرەبەیانێکی تاریکدا، لە گۆشەی خۆرهەڵاتەوە دەردەکەوێت.

مانگە کوردییەکان

لە ساڵنامەی کوردیدا ناوی مانگەکان بە جۆرێک نراون، کە بەتەواوی ئاوێزانن لەگەڵ دۆخدا، بەشێوەیەکی گشتیش، زمانی کوردی خۆی بەجۆرێکە وشەکان هاوتای وێناکردنی شتەکانن.

لە ساڵنامەی کوردیدا ساڵ بە ١٢ مانگ و چوار وەرز دانراوە و یەکەم مانگی کوردی لە وەرزی بەهارەوە دەستپێدەکات و بە مانگی نەورۆز یان خاکەلێوە ناودەبرێت. ئەمەش بەشێکی بەرچاوی دەگەڕێتەوە بۆ دەروونی تاکی کورد هەر لە کۆنەوە، کە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی خاکەکەیەوە لە جوگرافیایەکدا ژیاوە وەرزەکان بەروونی تێیدا دیاربوون و سەرماوسۆڵەی زستان تەنگی پێهەڵچنیون، گۆڕانی وەرزیش لە زستانەوە بۆ بەهار، کە تیشکی خۆر بە شێوەیەكی ٪١٠٠یی دەكەوێتە سەر (هێڵی یەكسانی)، چونكە بەپێی لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بەدەوری خۆردا بە ئاستی ٢٣ پلە، تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات و لاربوونەوە و ستوونبوون لەسەر هەردوو نیوەگۆیەكانی باكوور و باشووردا بەخۆیەوە دەبینێ، بەمەش گۆڕانكاریی بەرچاو لە پلەكانی گەرمادا سەرهەڵدەدەن و ماوەی شەو و رۆژ درێژبوونەوەو كورتبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن.

بە توانەوەی بەستەڵەکەکان و کەمبوونەوەی سارد و سەرما و وردە وردە نەمانی سەختیی زستان، خەڵک توانیویانە باشتر چالاکییەکانیان ئەنجامبدەن و مرۆڤانی کۆنیش توانیویانە لە ئەشکەوتەکان بێنە دەرەوە، ئەو کرانەوە و سەوزبوونی دەشتودەرەش وایکردووە هەست بەو نوێبوونەوەیە بکەن، ئەوەش کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەوەی دەستپێکی ساڵ لەو وەرزەدا دابنێن، کە جەژنی نەورۆز و مێژووی وشەکەش بۆ هەمان بارودۆخ دەگەڕێتەوە.

ناوی مانگە کوردییەکان:

وەرزی بەهار

نەورۆز ناوی دووەمی خاکەلێوە؛ یەکەم مانگی ساڵی کوردییە و لەو مانگەدا زەوییەکان دەکێڵدرێن و دەشتودەر سینەی بەڕووی تۆوەکاندا دەکاتەوە، چەشنی لێو واتە ئەو کاتەی توێژاڵی خاک وەک لێوی کراوەی لێ دێت، ئەمە سەرەتای نوێبوونەوە و ناوی یەکەم مانگی ساڵی کوردییە.

گوڵان ناوی دووەمی بانەمەڕە؛ دووەم مانگە و دوای تێپەڕینی وەرزی یەکەم و چەکەرەکردنی تۆوەکان، گیاکان بەرەو چرۆکردن دەچن و دەشت و دەر بە گوڵ دەتەنرێت، یان بۆ ناوی دووەمی دەڵێن، مەڕوماڵاتەکان رووەو هەوارگەکان بار لێدەنێن و دەڕۆن.

جۆزەردان؛ سێیەم مانگی ساڵی کوردییە و لەو مانگەدا جۆ بەرەو زەردبوون و پێگەیشتن دەڕوات و دەست دەکرێت بە دروێنەکردن.

وەرزی هاوین
پوشپەڕ؛ چوارەم مانگی ساڵەکەیە و لەم مانگەدا پلەکانی گەرما زیاتر بەرز دەبنەوە و پووشی پێدەشت و قەدپاڵەکان بە شنەبایەک دەپەڕێت.

خەرمانان؛ پێنجەم مانگی ساڵی کوردییە و لەو مانگەدا دروێنە دەکرێت و جوتیاران دەست دەکەن بە هەڵگرتنی خەرمانەکانیان.

گەلاوێژ؛ شەشەم مانگە و لەم مانگەدا ئەستێرەی گەلاوێژ دەنگوێت و پلەی گەرما لە بەرزبوونەوە دەوەستێت و روو لە کشانەوە دەکات.

وەرزی پایز

ڕەزبەر؛ حەوتەم مانگی ساڵە و ئەو مانگە مانگی پێگەیشتنی بەروبووم و رەزەکانە بەتایبەت رەزی ترێ.

گەڵاڕێزان، ناوی دووەمی خەزەڵوەر؛ هەشتەم مانگی ساڵە و لەم مانگەدا دارەکان خۆیان دەتەکێنن و گەڵاکانیان دەوەرێت.

سەرماوەز؛ نۆیەم مانگە و لەم مانگەدا شەپۆلی سەرما دێت، "وەز" لە لێکدانەوەکاندا بە مانای شەپۆل دێت، بۆیە زەوی بەرەو شەپۆلی سەرما هەنگاو دەنێت.

وەرزی زستان

بەفرانبار؛ دەیەم مانگی ساڵی کوردییە و لەو مانگەدا بەفر دەبارێت و ناوچەکان بە رەنگی خۆی دەنەخشێنێت و سەری چیاکان وەک مەندیل دەگرێت. هەر لە کۆنەوەش لە هۆنراوە و گۆرانییەکاندا باس کراوە، وەک جەلال جۆبار شاعیری ناسراوی کۆیە لە هۆنراوەیەکدا باسی دەکات و تیپی مۆسیقای باواجی کۆیەش کردوویانە بە گۆرانی؛ دەڵێت:

لە چلەی هاوینا نەوبەهار ببینە

قەندیل مەندیلی هەر فـڕێ نەداوە

رێبەندان؛ یانزەیەم مانگە و ئەو مانگە مانگی گیرانی جادە و بانەکانە بەهۆی بەفر و بارانی زۆر و بەستنی رێگاکان بەهۆی سەرماوە، لە کوردیدا "بەند" بە واتای کۆت و بەند و بەستنیش دێت.

رەشەمێ؛ دوانزەیەم و کۆتا مانگی ساڵی کوردییە و بەرامبەرە بە مانگی شوباتی زایینی، لەو مانگەدا زاوزێی ئاژەڵان دەست پێدەکات و خۆرەتاو بەجۆرێک خۆش دەبێت خەڵک خۆی دەخاتە بەری و بەهۆی خۆرەتاوەکە رەنگیان رەش دادەگەڕێت.

هـ.ئـ













گەلەری