سەردێڕ:

پڕۆژەیەکی نوێی ئاگربەست دەخرێتە بەردەم ئیسرائیل و حەماس

PM:07:48:09/08/2024

1688 جار خوێندراوەتەوە

بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس، ئیسرائیل بە داوایەکی ئەمریكا و قەتەر و میسڕ بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان قایل بووە و ئامادەیە شاندێکى دانوستانکار بۆ ئەو مەبەستە رەوانەى دەوحە یان قاهیرە بکات.


لە دوای راگرتنی بۆ ماوەى چەند رۆژێک، ئەمریکا و میسڕ و قەتەر داوا دەکەن ئیسرائیل و حەماس دانوستانەکانیان دەست پێ بکەنەوە سەبارەت بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیلیش رەزامەندی نیشان داوە.

بەوتەی بەرپرسانی هەرسێ وڵات، رێککەوتنەکە ئامادەیە و تەنیا پێویستی بە هەندێک وردەکاریی هەیە کە لە کاتی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکاندا لە شاری دەوحە بێت یان قاهیرە گفتوگۆیان لەبارەیەوە دەکرێت، جەختیش دەکەنەوە کاتی ئەوە هاتووە دەستبەجێ کۆتایی بە ئازاری درێژخایەنی خەڵکی کەرتی غەززە و بارمتەکان و خێزانەکانیان بهێنرێت.

لەو چوارچێوەیەدا بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئامادەیی لەسەر ناردنی شاندێک لە ١٥ـی ئەم مانگە بۆ شوێنی دیاریكراوی دانوستانەکان نیشانداوە، بەڵام هێشتا بزوتنەوەی حەماس هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە داواکارییەکە نیشان نەداوە.

ماوەی چەند مانگێکە میسڕ و قەتەر و ئەمریکا بەشداری دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسڕائیل و حەماس دەکەن، بەڵام ئیسڕائیل دەڵێت بە مەرجەکانی حەماس قایل نیە کە داوای کۆتاییهاتنی جەنگی غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل و گەڕانەوەی فەڵەستینییە ئاوارەکان دەکەن بۆ باکووری کەرتی غەززە.

لەو چوارچێوەیەدا رۆژنامەی (یەدیعۆت ئەهرۆنۆت)ـی ئیسڕائیلی رایگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت ناتانیاهۆ بڕیار لەسەر رەزامەندی یان رەتکردنەوەی هەندێک پرس بدات، وەک هێڵی فیلادلفیا و دەروازەی رەفەح و گەڕانەوەی گروپە چەکدارە فەڵەستینییەکان بۆ باکووری غەززە.

رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەش لەسەر پێشنیازی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکایە، کە لە ٣١ـی ئایاری ئەمساڵ پێشکەشی کردبوو، بەڵام مەرج و داواکاریی نێوان هەردوولا وایکردووە هیچ پێشکەوتنێک لە خولی دانوستانەکانی نێوانیان بەدی نەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە نۆ مانگە جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامی هەیە و دوایین ئاماری قوربانیانی جەنگی غەززەش ئاشکرای کردووە، تا ئێستا نزیکەی ٤٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٩١ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون، لە ئیسرائیلیش هەزار و ١٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و ٧٣٠ کەسیش بریندار بوون.













گەلەری