١٠ ساڵ بەسەر هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە "داعش" تێدەپەڕێت بۆ سەر شنگال کە بەهۆیەوە هەزاران ژن و پیاوی ئێزدی کوژران، هەزاران ژن و کچ و منداڵیش لەلایەن ئەو چەکدارانەوە رفێندران، ئەوەش بەهۆی جێهێشتنیان بەبێ بەرگری لە لایەن هێزی دەسەڵاتداری ئەوکاتی ناوچەکەوە "پارتی".
ئەمڕۆ شەممە، ٣ـی ئاب، ١٠ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی شنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکاندا تێدەپەڕێت، ئەو رۆژەی بەبێ بەرگریکردن هاوڵاتیانی ئێزدیی شنگال جێهێڵدران و پێشکەشی چەکدارانی داعش کران، تەنها لەو رۆژەشدا داعش هەزار و ٢٩٣ هاوڵاتیی ئێزدی کوشت.
"سەرەتای هێرشەکە"
دوای دوو مانگ لە داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، بەرەبهیانى ٣ـی ئابی
٢٠١٤ چەکدارە جلڕەش و ئاڵاڕەشەکان هێرشیان کردە سەر شنگال، لە کاتژمێر ١٠ـی
بەیانیدا بە تەواوەتی شنگالیان داگیر کرد و ئێزدییەکان بەبێ بەرگریی و پاراستن کەوتنە
بەردەستیان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو هێزانەی لەوکاتەدا لەوێ باڵادەست بوون، بەرگرییان
نەکرد و شنگالیان چۆڵ کرد، بەوەش ئێزدییەکان جینۆساید کران.
هەر لەو کۆمەڵکوژییەدا، دوو هەزار و ٨٥٥ کەس کوژران کە هەزار و ٢٦٢ کەسیان
ژن بوون، شەش هەزار و ٤١٧ کەسیش رفێنران کە سێ هەزار و ٥٤٨ کەسیان ژن بوون، تا ئێستا
زیاتر لە حەوت هەزار کەس بێسەروشوێنن کە زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کەسیان ژنن، جگە لەوانەی دەستدرێژییان کرایە
سەر و لە بازاڕەکاندا وەک کۆیلە فرۆشران.
"چیای شنگال و رزگارکردنی
ئێزدییەکان"
دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە و
جێهێشتنیان بەبێ بەرگری، ئێزدییەکان وەک کۆتا دەرچەی رزگاربوونیان، روویان کردە
چیای شنگال و ١٠ رۆژ تیایدا مانەوە.
لە چەند رۆژی یەکەمدا و بەهۆی گەمارۆدانیان
لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، نەتوانرا هیچ هاوکارییەک بە ئێزدییەکانی چیای شنگال
بگەیەنرێت، تا لە دواتردا و لە رێگەی فڕۆکەیەکی ئەمریکییەوە، هاوکاری گەیەنرایە
ئەو هاوڵاتییە ئێزدیانەی لەسەر چیاکە بوون.
بەشێک لە ئێزدییەکان بەهۆی سەختی چیاکە و
کەمی خۆراک و ئاوەوە گیانیان لەدەستدا، تا دواتر لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل
"یەپەگە" و هێزەکانی پێشمەرگەوە دەرچەیەک بۆ رزگارکردنیان کرایەوە و
بەشێکیان لە رێگەی رۆژئاوای کوردستان و دواتر لە دەروازەی سێمێلکاوە گەڕێندراوە
هەرێمی کوردستان و لە چەند کەمپێکی سنووری دهۆکدا نیشتەجێ کران، بەشێکیشیان کە
ژمارەیان نزیکەی ١٠ هەزار کەس بوو، لە رۆژئاوای کوردستان و لە کەمپی نەورۆز
نیشتەجێ کران.
"دەسەڵاتی ١٥ مانگەی داعش و
کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال"
رۆژی ١١ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ ئۆپەراسیۆنی
کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال بە بەشداری شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی شنگال
"یەبەشە"، یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە"، هێزەکانی
پاراستنی گەل "هەپەگە" و هێزەکانی پێشمەرگە، بە هاوکاری فڕۆکە جەنگییەکانی
هاوپەیمانان دەستی پێکرد و دوای دوو رۆژ و لە ١٣ـی تشرینی دووەمدا تواندرا دوای ١٥
مانگ، کۆتایی بە دەسەڵاتی داعش لە شارەکە بهێندرێت و شارەکە کۆنترۆڵ بکرێتەوە.
لە دوای رزگارکردنی شنگال، شەڕڤانان و هێزەکانی پێشمەرگە سێ هەزار و ٥٧٩ کەسیان
لە چنگی داعش رزگار کرد کە هەزار و ٢١٠ کەسیان ژن بوون و زیاتر لە دوو هەزار کەسیشیان
منداڵ بوون.
"ئاوارەبوونی ئێزدییەکان"
هێرشەکە بووە هۆی ئەوەی ٣٦٠ هەزار ئێزدی ناوچەکانی خۆیان جێ بهێڵن و ئاوارە
ببن ، دەیان هەزار ئێزدیش چوونە دەرەوەی وڵات، تا ئێستاش نزیکەی هەزار و ٣٤٠ ژن و زیاتر
لە هەزار و ٥٠٠ پیاو لە دەستی داعشدان، هەر بە هۆی هێرشەکەوە، زیاتر لە دوو هەزار
منداڵیش بێ دایک و باوک بوون.
لە دوای هێرشەکانەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٨٠ گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکەکەسیی
ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.
"مێژوو و جوگرافیای شنگال"
شنگال دووەم گەورەترین قەزای عێراقە و لە
رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای موسڵە و ١٢٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکەوە دوورە،
رووبەرەکەی سێ هەزار و ١٨٨ کیلۆمەتر دووجایە و ئاینی زیاتر لە ٨٥٪ـی
دانیشتوانەکەشی، ئاینی ئێزدییە.
زۆرینەی سەرچاوەکان مێژووی شنگال بۆ هەزاران
ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێننەوە، بە گوێرەی بەڵگەنامە مێژووییەکانیش، لە ساڵی ١٠٧٥ـی
زاینیدا ژمارەی دانیشتوانی شنگال زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس بووە.
"شنگال و داگیرکردن، دوانەیەکی لێک
دانەبڕاو"
بە بڕوای مێژوونووسان، سەرەڕای ئەوەی بە
درێژایی مێژوو لەسەر دەستی دەسەڵاتە جیاوازەکان ناوچەکە دووچاری چەندین داگیرکاری
بووەتەوە، بەڵام، یەکەمین داگیرکاریی تۆمارکراو، هێرشەکەی "تەیموری
لەنگ"ـە بۆ سەر شنگال، کە لەگەڵ هاتنیدا بۆ شنگال، زیاتر لە ٣٥ هەزار خانووی
ناوچەکەی رووخاند و لەگەڵ زەویدا تەختی کردن، دواتر و لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا
و بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٥١٦، شنگال هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان، جارێکی
دیکە کەوتووەتە بەر شاڵاوی داگیرکاری و شارەکە بووەتە مەیدانی ململانێ و
بەیەکدادانی عوسمانییەکان و سەفەوییەکان.
بۆچی شنگال هێندە گرنگ بوو بۆ داعش؟
هەڵکەوتە جوگرافییەکەی شنگال بە درێژایی
مێژوو بووەتە جێی سەرنجی سەرجەم هێزە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە، بەوپێیەی شنگال
دەکەوێتە نێوان تورکیا، عێراق و سوریا، خاڵی گرێدانی باشووری کوردستانیشە بە
رۆژاڤاوە، لەو کاتەشدا، بەهۆی ئەوەی داعش چەند شار و شارۆچکەیەکی لە سنووری رۆژئاوای
کوردستان و سوریا داگیر کردبوو، دەیویست شنگال بکاتە خاڵی گواستنەوەی چەکدارەکانی
لە نێوان سوریا و عێراق، هەڵکەوتە جوگرافیەکەشی وای لە شنگال کردووە، ببێتە
گەرمترین ناوچە لە رووی جیۆپۆلەتیکەوە.
"ناساندی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان وەک
جینۆساید"
لە ٣ـی ئابی ٢٠١٩ـدا، پەرلەمانی کوردستان بە
زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارەکان، رۆژی ٣ـی ئابی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی
جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان ناساند.
لە ١٧ـی تەممووزی ٢٠٢١ـدا پەرلەمانی بەلجیکا
بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا، کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی وەک جینۆساید بناسێنێت.
لە ٢٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ـدا و پاش
گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر هەمان پرس، پەرلەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگ کۆمەڵکوژیی
ئێزدییەکانی وەک جینۆساید ناساند و بەوەش بووە ١٢ـیەمین وڵات کە کۆمەڵکوژیی
ئێزدییەکان وەک جینۆساید بناسێنێت.
دوای ١٠ساڵ هێشتا برینەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە ساڕێژ نەبووە، هەزاران هاوڵاتی
ئێزدی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و لە کەمپەکاندا دەژین، دیاریش نیە کەی بە
تەواوی قەرەبوو دەکرێنەوە و برینەکانیان ساڕێژ دەکرێت و رێگەش لەوە دەگیرێت جارێکی
دیکە کۆمەڵکوژ بکرێنەوە.