سەردێڕ:

هەفتەی جیهانیی شیرپێدانی سروشتییە؛ سوودەکانی شیری دایک چین؟

AM:11:04:01/08/2024

3048 جار خوێندراوەتەوە

لەمڕۆوە ١ی ئاب تاوەکو ٧ی ئاب؛ هەفتەی جیهانیی شیرپێدانی سروشتییە بە منداڵان و زانست بەتەواوی ئامۆژگاری دایکان دەکات، شیری خۆیان بدەن بە کۆرپەکانیان.


شیری دایک؛ ئەو گەوهەرەی بەرلەهاتنە دونیای مرۆڤ جەستەی دایک ئامادەکاری بۆ دەکات و لەگەڵ لەدایکبوونیدا پێشکەشی دەکرێت. یەکەم قۆناغی شیری دایک و پێدانی بە کۆرپە بە 'ژەگ' دەستپێدەکات، کە لە زانستی پزیشکیدا پێیدەوترێت: کوتانی یەکەم.

پزیشکان بەو جۆرە وەسفی ژەگدەکەن، دەڵێن کۆرپە لەگەڵ لەدایکبوون ژەگ بخوات، وەک وایە ئاڵتوونی خواردبێت. ژەگ یەکەم خۆراک و گرنگترین خۆراکە و بەهای خۆراکی بەرزە، بە جۆرێکە رێگری لە دابەزینی ئاستی شەکر لە خوێنی منداڵەکەدا دەکات، خۆراکە بۆ بەکتریا سودبەخشەکانی ریخۆڵە و وایلێدەکات بە ئاسانی کرداری هەرس ئەنجامبدات و کۆرپە دووردەخاتەوە لە سکچوون، هەروەها وەک نەمکەرەوەیەک کاردەکات و یارمەتی ریخۆڵە دەدات لە دەردانی یەکەم پیسایی و منداڵ دوور دەکات لە قەبزی و توشبوون بە زەردوویی.

ژەگ؛ رێژەی پڕۆتینی بەرزە و دژەتەنی زۆرە، بەرگری جەستە بەهێز دەکات و یارمەتی باش گەشەکردنی کۆئەندامی دەمار دەدات.

زانایان باس لەوەدەکەن، شیری ھیچ شیردەرێکی دیکەی گەردوون لە کۆمەڵە جیاوازەکانی زیندەوەران، ھێندە‌ی شیری مرۆڤ پێکهاتەی ئاڵۆز نییە‌، چونکە‌ بە‌پێی قۆناغە‌كانی گە‌شە‌ی منداڵ بە‌ردە‌وام لە‌ گۆڕاندایە‌.

شیری دایک بۆ رێكخستنی پڕۆسە‌ی گە‌شە‌ گرنگە و ئە‌گە‌ری توشبوونی منداڵ بە‌ قە‌ڵە‌وی و ڕە‌بۆ كە‌مدە‌كاتەوە.

تەنانەت شیری دایک بە جۆرێکە؛ شیری دایکێک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازییان زۆرە و شیری هەمان دایک لە منداڵێک بۆ منداڵێکی دیکەی جیاوازی هەیە، هەروەها شیری دایک بۆ هەمان منداڵ لەکاتە جیاوازەکانی شەو و رۆژدا دەگۆڕێت.

دکتۆر پشدەر عەبدوڵا پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شیری دایک بەپێی شەو و رۆژ دەگۆڕێت و بەجۆرێک لە شەواندا هۆڕمۆنی میلاتۆنینی زیاتر تێدایە بۆئەوەی منداڵەکە باشتر بخەوێت، تەنانەت بەپێی رەگەزی منداڵەکە دەگۆڕێت، بەپێی پێویستی جەستەی ئەو رەگەزە پێکهاتەی شیرەکە دەگۆڕێت. هەروەها ئەو منداڵانەی نەبەکامن شیری دایکەکە جیاوازە.

باسی لەوەشکرد، ئەو دایکە لە ژیانیدا چەندجار توشی هەوکردن یان هەر نەخۆشییەکی دیکە بووبێت و بەرگری پەیدا کردووە بەرامبەری، ئەو بەرگرییە لە شێرەکەیەوە بۆ جەستەی منداڵەکەی دەگوازرێتەوە و منداڵەکەش ئەو بەرگرییە پەیدا دەکات.

پشدەر عەبدوڵا دەشڵێت، ئەو منداڵانەی شیری قوتو دەخۆن رێژەی توشبوونیان بەنەخۆشی زیاترە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە زانستدا ئەو حاڵەتە زۆر زۆر دەگمەنە کە شیری دایک بە منداڵ نەکەوێت یان تێری نەکات، کە ئەوانەش هێشتا چەندین رێگاچارەیان هەیە و ناگاتە ئەوەی دایکەکە واز لە شیرپێدانی خۆی بهێنێت بە منداڵ.

ئەو پزیشکی پسپۆڕی منداڵانە ئاماژە بەوەشدەکات، شیری دایک رێژەی زیرەکی منداڵ بەرزدەکاتەوە.

شیری دایک سەڕەرای سوودەکانی بۆ کۆرپە؛ پڕۆسەی شیرپێدانی سروشتی یارمەتی جەستەی دایکەکە دەدات بۆ دووربوون لە خوێنبەربوونی دوای منداڵ بوون، شێرپەنجەی مەمک و منداڵدان و ملی منداڵدان، هەروەها جەستەی بە ئاسانی دەچێتەوە جێگای خۆی لەدوای منداڵبوون.

جگە لەو سوودە جەستەییانە، سوودەکانی پڕۆسەی شیرپێدانی سروشتی پڕۆسەیەکە بۆ لایەنی دەروونی دایک و منداڵەکەش زۆر گرنگە و کۆرپە ئەو ئارامییەی لە کاتی شیرپێدان لەباوەشی دایکیدا وەریدەگرێت، هەروەها بەرکەوتنی جەستەیی کۆرپە و دایک هەم هاوکاری دەروونی کۆرپە و دروستبوونی کەسایەتییەتی لە داهاتوودا، هەم لە زۆرباردا هاوکاری دایک دەکات لە تێپەڕاندنی قۆناغی خەمۆکی دوای منداڵبوون.

پشدەر عەبدوڵا دەشڵێت، داوا لە دایک و باوکان دەکەم بیر لەوە بکەنەوە نەوەی داهاتوو چەندە گرنگە، پێویست ناکات بیر لەوە بکەنەوە ئەمڕۆ دۆخی وڵات چۆنە و حکومەت کێیە و سبەی چی دەبێت، گرنگ ئەوەیە ئەوان نەوەیەکی تەندروست پەروەردە و گەورە بکەن.

پزیشکان ئەوە دەخەنە روو، نەخۆشی شێرپەنجە کەمترە لەو منداڵانەی شیری دایک دەخۆن بەتایبەتی نەخۆشی لیوکیمیا، هەروەها شیرێکە کە هەموو کات ئامادەیە و لە رووی گەرمی و ساردیەوە هەمیشە هاوسەنگە.

داواش لە دایکان دەکەن، تاوەکو دووساڵ شیری خۆیان بدەن بە کۆرپەکانیان، لەدوای ساڵیش رێژەی شیرپێدان کەمتر بکەنەوە و وردە وردە خواردن بۆ منداڵەکە زیاد بکەن.

دکتۆر پشدەر بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر بە هەر هۆکارێک دایک نەتوانێت شیری خۆی بداتە کۆرپەکەی لانی کەم با تاوەکو شەش مانگی یەکەم بیداتێ زۆر گرنگە بۆ جەستەی کۆرپە، یان ئەگەر نەتوانێت بەتەنها شیری خۆی بدات بە کۆرپەکەی، ئەوا با لە مانگی یەکەمی لەدایکبووندا شیری قوتووی نەداتێ و دواتر دەستپێبکات، ئەوە منداڵەکەش دووردەخاتەوە لەوەی دواتر سنگی دایکەکە نەگرێت و شیری دایکی نەخوات.

هـ.ئـ












گەلەری