سەردێڕ:

دانوستانەکانی تایبەت بە راگرتنی جەنگی غەززە لە رۆما دەست پێدەکاتەوە

PM:11:50:27/07/2024

1640 جار خوێندراوەتەوە

ئەم هەفتەیە شاندێکی ئیسڕائیل دەگاتە رۆماى پایتەختی ئیتاڵیا تا بە نێوەندگریی میسر و قەتەر و ئەمریکا دانوستان لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان بکرێت، لەو چوارچێوەیەدا وەزیرێکی ئیسڕائیل پێی وایە دوو هەفتەی داهاتووچارەنوسساز دەبن، کە رەنگە تیایدا جەنگیش رابگیرێت.


رۆماى پایتەختی ئیتاڵیا دەبێتە وێستگەیەکى دیکەى دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و ئازادکردنى بارمتە ئیسڕائیلییەکان.

لە دانوستانەکانى ئەمجارەى نێوان ئیسرائیل و حەماسدا کە بڕیارە ئەم هەفتەیە لە رۆما بەڕێوەبچێت، هەریەکە لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسر و وەزیری دەرەوەی قەتەر و ولیام بیرێنز بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا ئامادە دەبن و پێشبینی دەکرێت لایەنی ئیسرائیلى هەڵوێستی نوێ سەبارەت بە رێککەوتن بخاتەڕوو.

لەو بارەیەوە، سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی باڵای ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە کردووە، تەل ئەبیب بە گرنگییەوە لە پێکهێنانی هەڵوێستێکی یەکگرتوو سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا دەڕوانێت. وتیشی، پێی وایە دواخستنی گفتوگۆکان هەلی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ گروپە چەکدارە فەڵەستینییەکان زیاتر دەکات.

لای خۆشیەوە، ئیلی کوهین وەزیری وزەی ئیسڕائیل دەستخۆشی لەو هەنگاوە دەکات و دەڵێت، پێشکەوتنی بەرچاو هەیە لە گرێبەستی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان لەگەڵ گروپی چەکدارە فەڵەستینییەکان و دوو هەفتەی داهاتووش چارەنوسساز دەبن، کە رەنگە تیایدا جەنگیش رابگیرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا پێیان وتبوو کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت.

لەڕووی مەیدانیشەوە سوپای ئیسڕائیل رووبەری ناوچە مرۆییەکانی لە کەرتی غەزە کەم کردووەتەوە و داوای لە دانیشتوانی باشووری شاری خان یونس کردووە دەستبەجێ ماڵەکانیان جێهێڵن، ئەوەش بە پاساوی بوونی گروپە چەکدارەکان.

خان یونس بۆ چەكدارە فەڵەستینییەکان گرنگییەكی زۆری هەیە و بەشێكی زۆر لە تونێلەكان لەو ناوچەیەدا هەڵکەوتوون، بەڵامبۆردوومانی چڕی ناوچەکەش نەتەوە یەکگرتووەکانی هێناوەتە دەنگ و رایگەیاند، زیاتر لە ١٨٠ هەزار هاوڵاتی فەڵەستینی لە ترسی گیانیان چوونەتە دەرەوەی خان یونس و لەدۆخێکی سەختدا ژیان بەڕێدەکەن.













گەلەری