وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر لە گەلی عەلی بەگ، هاوڵاتییەک خنکاوە. وتیشی، "تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، گەشتیارێکی بە رەگەز عەرەب لە گەلی عەلی بەگ خنکاوە و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش
کرد، دوای ئەوەی لە رووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە، تیمەکانیان چوونەتە شوێنی
رووداوەکە و لە ئێستادا سەرقاڵی گەڕانن بە دوای تەرمی ئەو گەشتیارەدا.
ئەوەش لە
کاتێکدایە، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و بەهۆی چوونی هاوڵاتیان بۆ شوێنە گەشتیارییەکان
و بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە دەریاچە و چەم و رووباریان لێوە نزیکە، بەهۆی کەمی یان
نەبوونی هێماکانی ئاگادارکردنەوەشەوە، حاڵەتەکانی خنکانی هاوڵاتیان و گەشتیاران بەردەوام
روو دەدەن.
١٢ـی ئەم
مانگە، کەسێکی تەمەن ٤٤ ساڵ لە بەنداوی دەربەندیخاندا خنکا، دوای سێ رۆژ گەڕان بەدوایدا،
تەرمەکەی دۆزرایەوە. لە سەرەتای مانگی رابردوودا، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دەریاوانی
کەرکوک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هاوڵاتییەک لە بەنداوی کۆچەکی سەر رووباری خاسەدا
خنکاوە. لە ٢٤ـی ئایاری ئەمساڵیشدا، گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ لە بەنداوی خاسە خنکا، لە
هەمان رۆژیشدا مێرمنداڵێکی ١٣ ساڵان لە گوندی گەرماڤای دهۆک لە ئاوی سیلاڤدا خنکا.
لە ٢٢ـی ئایاردا گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە رووباری سیرواندا خنکا. رۆژی ١٧ـی هەمان
مانگیش، باوک و کوڕێک لە رووباری چۆمانی سنووری گەڵاڵەی چۆمان خنکان. لە ٢٨ـی
نیسانیشدا، پیاوێکی تەمەن ٧٤ ساڵ لە سەیرانگای کونەماسیی سلێمانی خنکا، چەندین
رووداوی دیکەی خنکانیش لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمدا روویان
داوە.
کەریم کەیفی –
سۆران