سەردێڕ:

بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران حەوت کەس لە دەریاى ئیجە خنکان

PM:10:26:09/07/2024

1952 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجەدا حەوت کەس خنکان و کەسێکیش بێسەروشوێن بوو.


وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڵاویکردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە سنورە ئاوییەکانى پارێزگاى ئیزمیر لە دەریای ئیجە ژێر ئاو کەوتووە و بەهۆیەوە حەوت کەس خنکاون.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەلەمەکەدا ٢٧ کۆچبەری تێدا بووە ویستویانە خۆیان بگەیەننە کەناراوەکانی یۆنان، بەڵام وەکو ئەوەى میدیاکان باسى دەکەن، پۆلیسى یۆنان رێگەى بە تێپەڕینى بەلەمەکە نەداوە و گەڕاندونیەتیەوە بەرەو تورکیا، بەر لەوەى بگەنەوە تورکیا بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوتووە.

باس لەوەشکراوە، ١٩ لە کۆچبەرەکان لەلایەن پۆلیسى کەناراوەکانی تورکیا ڕزگار کراون و کەسێکیش بێسەروشوێن بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە،سەرۆکی دەزگای لوتکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە نۆ ساڵی رابردوودا ٧٥٠ هەزار و ٤٩٨ کۆچبەری عێراقی لە وڵاتانی ئەوروپا داوای مافی پەنابەریان کردووە و لە ئەمساڵیشدا ١٠ هەزار و ٥٠٠ عێراقی داواکاری پەنابەریان پڕکردووتەوە و ٢٢ کۆچبەریش لە رێگەی ئەوروپادا گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەمساڵدا ٢٢ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و ١٢ کۆچبەریش بێ سەروشوێن بوون و لە نۆ ساڵی رابردووشدا ٣٤٣ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و ٢٤٥ کۆچبەریش گیانیان لەدەستداوە و بە کشتی ٥٩١ کەسیش بوونەتە قوربانی کۆچکردن.

ئامارەکان ئەوەش دەخەنە روو، ژمارەی گیان لەدەستدان و بێ سەروشوێن بوونی کۆچبەران لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە کە ساڵی رابردوو حەوت کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و دوو کۆچبەریش بێ سەروشوێن بوون.













گەلەری