سەردێڕ:

دادگای فیدڕاڵی: مووچەخۆرانی هەرێم ئازادن لە کردنەوەی هەژمار لە هەر بانکێک بیانەوێت

PM:03:19:03/07/2024

26060 جار خوێندراوەتەوە

دادگای فیدڕاڵیی عێراق پڕۆژەی هەژماری منی حکومەتی کاربەڕێکەری هەڵوەشاندەوە و بە گوێرەی نوسراوێکی دادگای فیدراڵی کە واژۆی سەرۆکی دادگاکەی پێوەیە، فەرمانبەرانی هەرێم سەرپشکن لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە دەیانەوێت هەژماری بانکی لێ بکەنەوە و مووچەکانیان بە بانکی بکەن.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بە گوێرەی نوسراوێکی فەرمیی دادگای فیدراڵیی عێراق کە واژۆی جاسم محەمەدی سەرۆکی دادگاکەی پێوەیە و ئاڕاستەی حکومەتی کاربەڕێکەر کراوە ئاماژە بەوە کراوە، بانکە حکومییەکان و ئەو بانکانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان پێ دراوە دەتوانن بچنە ناو پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەوەوە.

بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، نابێت حکومەتی کاربەڕێکەر فەرمانبەر ناچار بکات لە بانکێکی دیاریکراو هەژمار بکاتەوە، بەڵکو دەبێت فەرمانبەر ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی ئەو بانکەی کە خۆی دەیەوێت.

هاوکات، ئەو بانکانەی کە رێگەپێدراون لەلایەن بانکی ناوەندیەوە و لقیان لە شارەکانی هەرێم هەیە، نزیکەی ٩٠ بانکن.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دوای ئەوە دێت، لە نیسانی ئەمساڵدا، دژی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "هەژماری من"، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ٨٦ واژۆی پەرلەمانتارانی لە پەرلەمانی عێراق کۆکردەوە و داوای کرد، مووچەخۆران لە بانکە فیدراڵییەکانەوە مووچە وەربگرن.

نەوەی نوێ داوای دەکرد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیەکجاری پڕۆژەی "هەژماری من" رەت بکاتەوە چونکە پڕۆژەکە قۆرخکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لە چەند بانکێکی ئەهلیدا.

نەوەی نوێ داواشی کردبوو، پێویستە سەرجەم بانکەکان ئاسانکاری بکەن بۆ پڕۆژەی بەبانکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەجۆرێک مووچەخۆر بتوانێت لە نزیکترین شوێنی نیشتەجێبوونییەوە مووچەکەی وەربگرێت.
نوسراوەکەی دادگای فیدراڵی:
No description available.















گەلەری