کورد لە نێوان بەرداشی جەمسەربەندی و شکستی حکومڕانیدا
PM:07:39:22/03/2026
224 جار خوێندراوەتەوە
رزگار ساڵح
+
-
لە کاتێکدا جیهان خەریکی جەنگی جەمسەرەکانە،
لای ئێمە کەرتی پەروەردە پەککەوتووە و بازاڕ داڕماوە؛ کەچی هێشتا چەپڵە بۆ سارۆخی
بێگانە لێ دەدەین!
زۆرێک لە ئێمە لە داخی لایەنێک، دەبینە
پارێزەری جەمسەرێکی تر، بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە: ئەو هێزانەی ئێمە بۆیان دەناڵێنین،
لە هاوکێشە ستراتیژییەکانیاندا وەک "مرۆڤی پلە دوو"یش تەماشای کورد ناکەن. مێژوو باشترین گەواهیدەرە؛ لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا کە زیاتر لە ٥٠٠٠ مرۆڤ
خنکێنران، هیچ دەوڵەتێکی ئیسلامی ئامادە نەبوو بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بخاتە
مەترسییەوە بۆ پاراستنی خوێنی کورد. ئەوانەی ئەمڕۆ ئێمە هانیان بۆ دەدەین، دوێنێ لە
ئاست کۆمەڵکوژیی ئێمەدا "کەڕ و لاڵ و کوێر" بوون و تەنها وەک کارتێکی
فشار بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارمان دەهێنن.
لە کاتێکدا ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی
گەورەدایە، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەهۆی خراپیی کوالیتیی حکومڕانی و سیاسەتە چەوتەکانی
سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، ژێرخانی وڵات بەرەو داڕمان
چووە. کەرتی پەروەردە کە بڕبڕەپشتی نەتەوەیە، بەهۆی بێباکی و بێپلانییەوە پەککەوتووە
و دەرگای قوتابخانەکان داخراون. کارەبا و غاز و پێداویستییە سەرەتاییەکان بوونەتە
خەون، و بازاڕ بەهۆی ئەوەی تەنها لەسەر هاوردە دەژین، بەرەو گرانییەکی بێوێنە دەڕوات. حکومەتێک نەتوانێت نان و زانست بۆ گەلەکەی دابین بکات، چۆن دەتوانێت لەبەردەم باهۆزی
جەمسەربەندییەکاندا نیشتمان بپارێزێت؟
بەشێکی تری ئەم کارەساتە دەگەڕێتەوە بۆ
ڕۆڵی خراپی میدیا و سۆشیاڵ میدیا کە لەبری هۆشیارکردنەوەی خەڵک، بوونەتە بەشێک لە
ململانێیەکی بازرگانی و سیاسیی چەواشەکار. میدیاکانی ئێمە لە ڕووماڵەکانیاندا لەبری
لێکدانەوەی زانستی بۆ مەترسییەکانی سەر داهاتووی کوردستان، خەریکی "سۆز"
و پڕوپاگەندەی حزبین بۆ جەمسەرە بێگانەکان. ئەوان خەڵکیان وا لێکردووە لە واقیعی
تاڵی ژیانی خۆیان داببڕێن و لە ناو تاریکیدا چەپڵە بۆ سارۆخی ئەو لایەنانە لێ بدەن
کە لە ڕاستیدا یاری بە چارەنووسمان دەکەن.
ململانێی زلهێزەکان وەک شەڕی چەند گایەکی
بەهێزە لە دەوری هێلانەی مێروویەک. ئەوان لە کاتی سمکۆڵکردنیاندا، هیچ حیسابێک بۆ
وێرانبوونی ماڵی مێرووەکان ناکەن. تراژیدیاکە ئەوەیە؛ ئێمە وەک مێرووەکە، لە نێوان
حکومەتێکی بێباک و میدیایەکی سەرلێشێواودا، هێلانەکەمان خەریکە دەفەوتێت، کەچی هێشتا
خەریکی هەڵەزنینین بە قاچی یەکێک لە جەمسەرەکاندا بەو هیوایەی ئەوی تر لێمان خۆش بێت.
سەرکەوتنی هیچ جەمسەرێک کێشەی نان و
کارەبا و پەروەردەی ئێمە چارەسەر ناکات. کاتی ئەوە هاتووە لەبری "قەشمەریاتی
سیاسی"، داوای حکومڕانییەکی تەندروست و واقیعبینانە بکەین. با چیتر ماڵی خۆمان
بە قوڕ نەگرین بۆ شەڕی بێگانە و نەبینە سووتەمەنیی کڵپەی ئاگری ئەوانەی کە لە کاتی
تەنگانەدا هەمیشە پشتیان تێ کردووین.