جەنگی گەرووی ستراتیژی
AM:09:56:23/03/2026
260 جار خوێندراوەتەوە
محەمەد مێرگەسۆری
+
-
ئەم جەنگەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل-ئێران، بە
دژوارترین و بەهێزترین جەنگ لە مێژوودا هەژمار دەکرێت، بەوەی کە زۆرترین توانای هێزی
مووشەکی و هێزی ئاسمانی ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و ڕۆژانی جەنگ
دیمەنی داهاتووی جەنگەکە زیاتر بەلای بەدیهێنانی خواستی کەرتی بازرگانی و ئابووری ڕوونتر
دەردەکەون، لەوەی کە هەردوولایەنی هێرشکەری سەر تاران پێشتر بانگەشەی ڕووخان و گۆڕینی
سیستمی سیاسی ئێرانیان دەکرد.
هەروەها دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە جەنگ
باسوخواسی گەرووی هورمز و چۆنیەتی مامەڵەکردن و کۆنترۆڵکردنی لەلایەن ئەمریکاوە جێی
بایەخ و گرنگیپێدانی زیاترە لەچاو ئەو ئامانجەی کە خودی جەنگەکەی لەسەر بەرپابووە،
هەر بەو هۆیەشەوە بەتایبەت خودی سەرۆک ترەمپ هەوڵی کۆکردنەوەی دۆست و پێکهێنانی
هاوپەیمانییەتییەکی دیکە دەدات، کە لەوە دەچێ لە داهاتوودا ئەم هاوپەیمانێتییە ببێتە
کۆڕبەندێکی فراوانی نێودەوڵەتی و لە چوارچێوەی ڕێکخراوی (پاراستنی بەرژەوەندی
ئابووری نێودەوڵەتی) خۆی ڕێک بخات و ببێتە جێگرەوەی هەندێ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی تەقلیدی
و ئێستا. ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ هەر لە سەرەتاوە پلانی ئەوەیان هەبوو، کە لە میانەی
ئەم جەنگەدا دەست بەسەر گەرووی هورمزدا بگرن، کە لە 40٪ی هەموو نەوت و غازی جیهانی
پێدا تێدەپەڕێت و بە بڕبڕەی هێزی وزەی جیهانی و بە گرنگترین گەروو یان تەنگەی جیهانی
دادەنرێت. بۆیە کۆکردنەوە و زیاتربوونی هاوبەشانی ئەمریکا کە لە ئێستادا زیاتر لە
22 دەوڵەت پاڵپشتی لە شێوازی مامەڵەی ئەمریکا و خودی ترەمپ دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک
بۆ بەڕێوەبردن و ئاساییکردنەوەی ڕێڕەوی ئاوی و هاتوچۆی بازرگانی و کەشتیگەلی
گواستنەوەی وزە لە گەرووی هورمز، لەوانەیە بەتەواوی ڕێڕەوی ئەم جەنگە و نەخشەی
ئابووری وزە بگۆڕێ، بەشێوەیەک کە پێشتر وێنەی نەبووە و سوودمەندی یەکەم ئیدارەی ترەمپە. چونکە لەو ڕێیەوە بەتەواوی سەرچاوەکانی وزە و گواستنەوە دەخاتە ژێر ڕکێفی و ڕێڕەوی
ستراتیژی بازرگانی و ئابووری نێودەوڵەتی دەگۆڕێ و فۆرمێکی تازە وەردەگرێت، کە هەموو
هێزە ئابوورییەکانی جیهان ناچار دەبن، مامەڵە لەگەڵ ئەو فۆرمە تازەیە بکەن، ئەمەش
هاوتەریبە لەگەڵ ئەو خواست و ستراتیژییە درێژمەودایەی ئەمریکا کاری لەسەر دەکات بۆ
ئەوەی لەو ڕێیەوە پارێزگاری لە هەژموونی ئابووری بە پلەی یەک و هەژموونی سیاسی خۆی
بەسەر جیهاندا بهێڵێتەوە و وڵاتانی وەک چین، ڕووسیا، ئەورووپاش ناچار بکات بچنە ژێر
باری ئەو دۆخ و سیاسیەت و سیستمەی کاری لەسەر دەکات، لەبەر ئەوەی ئەمریکا هێز و
بوونی خۆی لە بوونی هێزی ئابووری و سیاسی دەبینێتەوە زیاتر لە هێزی نەرمی شارستانی
و کولتووری.
هەروەها پێشبینی دەکەین ئەم جەنگە ببێتە سەرەتا
و کۆتایی دەستپێکی جەنگی گەرووەکان، لە دوای دەستبەسەرداگرتنی گەرووی هورمز، ئیتر
لەلایەن هێزگەلێکی نێودەوڵەتییەوە یان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە چەند ڕۆژی
ڕابردوو هاوکاری خۆی لەبارەی ئەو گەرووەدا نیشاندا بەڕێوەببرێ یان ئەمریکا خۆی لەگەڵ
هەندێک هاوپەیمانی لە ڕێی چەند کۆمپانیایەکی تایبەتەوە مامەڵە و هاتوچۆی بازرگانی
و کەشتیوانی لەو گەرووە بگرنە دەست.
بەپێی ئەو ڕوانینەی هەمانە، پێدەچێ ئیتر خواست و ئامانجەکان لەوبارەیەوە
پەرەبسێنێ بۆ دەستبەسەرداگرتنی نۆکەند و تەنگەبەر و گەرووی دیکە لە جیهاندا، لەوانە
و گرنگترینیان گەرووی بۆسفۆر و دەردەنیل لە تورکیا، کە دەریای ڕەش و دەریای ناوەڕاست
بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانی نێودەوڵەتی ڕووسیا و وڵاتانی ئەفریقا
و عەرەبی و کەنداوی عەرەبییە.
لە مەودایەکی کورتی ئەم جەنگەدا ئەمریکا گرنگی
و بایەخی گەرووی هورمزی زۆر زیاتر بۆ دەرکەوت لەوەی پێشبینییەکانی بۆ ئەم جەنگە هەبووە،
لەگەڵ ڕۆڵی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئەو هاوپەیمانانەی لە ڕابردوو هەیبوون، بەتایبەت
لەسەر ئەو زیانانەی بەر وڵاتانی کەنداو کەوت و ئەو هاوارەی لەلایەن هەندێ هاوپەیمانی
ئەمریکا لە ئەورووپا و ئاسیا و شوێنی دیکە بەرزبووەتەوە.