کۆمسیاری باڵای پەنابەران لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لەبارەی بەکارهێنانی توندوتیژی دژی کۆچبەرانی سەر سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا هاتنە دەنگ.
ئەو دوو رێکخراوە لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئەوەیان خستووەتەڕوو، دوێنێ دووشەممە نزیکەی چوار هەزار کۆچبەر کاتێک ویستویانە لە بێلاڕوسیاوە بپەڕنەوە بۆ پۆڵهندا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا دووچاری پێکدادان بوون و توندوتیژی دژی کۆچبەرەکان بەکارهێنراوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، دوای ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ
کۆچبەرەکاندا کراوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان پەیوەندییان بە حکومەتی بێلاڕوسیا و پۆڵهنداوە
کردووە.
باس لەوەشکراوە، "سوود وەرگرتن لە بێچارەیی کۆچبەرەکان
و پێدانی بەڵێنی ناڕاست پێیان مایهی قبوڵكردن نییە" و داواش لە حکومەتی هەردوو
وڵات کراوە مامەڵهیەکی مرۆڤانە لەگەڵ کۆچبەرەکاندا بکرێت.
لای خۆشییەوە، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە پۆڵەندا لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند،
کۆچبەرانى کورد هەرچییان پێویست بێت لە خاکی پۆڵەنداوە بۆیان دەکەن، وتیشى، هەر کەسێک
پەشیمان بێت و بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان ئەوان هاوکاری دەکەن.
هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، ٢٠٠ هەزار
دۆلار تەرخانبکات بە مەبەستی گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانەی گیریانخواردووە لە سنورەکانی
بیلاڕوسیا و پۆڵەندا و لیتوانیادا و بەشێوەی ئارەزومەندانە دەیانەوێت و بگەڕێنەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەھۆی خراپی دۆخی گوزەرانی خێزانەکان
و ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابوری و نەبوونی ھەلی کار و خزمەتگوزاری پێویست و
سەرەتایی وەک ئاو و کارەبا و رێگەوبان و لە وەرزی زستاندا، سەرھەڵدانی قەیرانی سوتەمەنی،
ژمارەیەکی زۆر لە خێزان و گەنجانی ھەرێم روویان لە وڵاتی بیلاروسیا کردووە تا لەوێوە
بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەڕێبکەون.