سەردێڕ:

ڕووداوەکەی پەرلەمان و سەرنجێک لە هەڵوێستی قەڵەمبەدەستەکان!

PM:06:59:22/03/2026
360 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز رەئوف
+ -

بەبێ گەڕانەوە بۆ کڕۆکی کێشەکان و چاوپۆشیکردن لەوەی پێش دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، هەرێم بەدیاریکراوی مەسروور بارزانی چ هەڵوێستێکی بێویژدانانەی هەبوو لەهەمبەر داواکاری عێراق بۆ بەکارهێنانی بۆری کوردستان هەتا چەند سەد بەرمیل نەوتی کەرکووکی پێدا تێپەڕێنێت و کەمێک لەو دۆخە زۆر سەختەی کە بەهۆی جەنگی ناوچەکەوە ئابووری و داهاتی ڕۆژانەی عێراقی تووشی سەختی کردووە کەم بکاتەوە کە بەقازانجی خودی هەرێم و خەڵکەکەشی بوو، ئەوە نەک هەر بێویژدانییە بەڵکوو ئەوپەڕی خزمەت و دەستگرتنە بە گوتار و لێکەوتە کارەساتبارەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم کە لەدوای چەتەیی ئابووری سەربەخۆوە لەڕووی دارایی و ئابوورییەوە تووشی خەڵکی کوردستان و مووچەخۆران و بازاڕی کرد کە بریتی بوو لە برسیکردن و کەرامەت شکاندنی تاکی کورد و بڕینی قووتى ڕۆژانە.

ئەو ڕۆشنبیر و ئەکادیمیست و ڕۆژنامەنووسە بەناو سەربەخۆیانە، بەبێ ئاوڕدانەوە بۆ مێژووی کێشەکان، هاتوون چەلەحانێی چەند پەرلەمانتارێکیان لەنێو هۆڵی پەرلەمان قۆستووەتەوە بۆ لێدان لە عێراق و ناشیرینکردنی نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان، ئەوان کە لە بنەڕەتدا خزمەت بە گوتارە پڕ لە قین و ناسیۆنالیزمە کوردایەتییەکە دەکەن، هەر بە ڕقی دڵپیسی خۆیانەوە ناوەستن بەڵکوو ڕووی دەسەڵاتدارانێک لە هەرێمەکە سپی دەکەنەوە کە دەیان ساڵە، ئیش لەسەر تێکشکاندن و هاڕین و کەرامەت شکاندنی مرۆڤی کورد و بێئەرزشکردنی پەروەردە و تەندروستی و دابەشکاریی کۆمەڵگەی کوردی دەکەن. ئەوان هەموو ئەو کارەساتانەی کە لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵە و موورتەزیقەیی دەسەڵاتدارانمان لێ دەشارنەوە لەولاشەوە چاوەڕێی بەخشینی گوڵ دەکەن لە بەرامبەرەکە. بۆیە ئەوەی ڕوودەدات گرنگە هۆشیاریی تاک لەو ئاستەدا بێت کە ڕووداوەکان بێپێشینە نین و دەبێت کڕۆکی ڕووداوەکان وەک خۆیان ببینین و هەموو ئەوانەش بناسرێنەوە بەناوی ناڕەزاییەوە، ئاو بە ئاشی دەسەڵاتداران دا دەکەن.


گەلەری