سەردێڕ:

قائیمقامی چەمچەماڵ: بەهۆی گرفتی ئاوەوە قەزاکە لە قەیرانی مرۆیی دایە

AM:09:31:12/06/2024

1584 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی چەمچەماڵ رایگەیاندووە، گرفتی نەبوونی ئاوی خواردنەوە تەنگی بە قەزاکە هەڵچنیوە و مانەوەی ئاو لە ناو تانکییەکان لە پلەی گەرمای بەرزدا و دابەشنەکردنی بەسەر هاوڵاتییاندا، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی. دەشڵێت، چەمچەماڵ لە قەیرانی مرۆیی دایە.


وەک بەشێکی زۆری ناوچەکانی دیکەی هەرێم چەمچەماڵیش گرفتی کەمئاوی دەست لە یەخەی بەردانات و رەمک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ رایگەیاندووە، لە چەمچەماڵ لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەر پلەیەکی گەرمادا، رۆژێک پێدانی ئاوی خواردنەوە بە هاوڵاتییان دوا دەکەوێت.

قائیمقامی چەمچيماڵ دەڵێت، "ئەم چیرۆکەی ئاوی چەمچەماڵ تەمەنی درێژە و ژمارەی ئەو بەڵێنانەی پێمان دراوە لە ژمارەی نووسراوەکانمان زیاترە، کەچی کێشەی ئاو وەک خۆیەتی و لە چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە هەموو هاوینێک قەیرانی ئاو دروست دەبێت."

لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە قائیمقامی چەمچەماڵ داوایەکی ئاڕاستەی لایەنە بەرپرسەکانی هەرێم کردووە و تێیدا هاتووە، "لێرە؛ لە چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان و ئەنفال کە زیاترلە حەوت هەزار خێزانی شەهیدان و ئەنفالکراوانی تێدایە، کە دانیشتووانی مەرکەزی قەزا و ناحیەی شۆڕش و تەکیە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاوڵاتییە، ماوەی ١٢ ڕۆژە ئاوی خواردنەوە بە بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکان نەدراوە، تاوەکو کەشوهەواش گەرمتربێت کێشەکە گەورەتر دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە تاوەکو دوو رۆژ لەمەوبەر، نزیکەی ١٠٠ نووسراویان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و عێراق کردووە، جگە لەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشیان لە کێشەکە ئاگادارکردووەتەوە.

قائیمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، لە چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە قەیرانی مرۆیی بەهۆی بێئاوییەوە دروستبووە، چونکە مانەوەیزیاتر لە ١٢ رۆژ ئاوی خواردنەوە لە تانکییەکاندا و لە ٤٥ پلەی سیلیزیدا، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی دەیان نەخۆشی.

داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، هیمەتێک بکەن و پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ جێبەجێبکەن، کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ـوەوە فەرمانی جێبەجێکردنی بۆ دەرچووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگی چواری ساڵی ٢٠٢٢دا، بە بودجەی ٧٠ ملیۆن و ٤٥ هەزار دۆلار بەشێوەی نەختینە و قۆناغ، بڕیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە دەرچوو.

لە ئێستادا کێشەکە چیە و چارەسەری چۆن دەکرێت؟

رەمک رەمەزان نووسیویەتی:

کێشەکە بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویستەوەیە بۆ قەزای چەمچەماڵ چونکە لە هێڵی دووەمی ئاوی دووکان سلێمانی ئەگەر کەمتر لە ٤٠ هەزار مەتر سێجا رۆژانە ئاو بۆ چەمچەماڵ بنێردرێت ئەم کێشەیە بەردەوام دەبێت. هەروەها پڕۆژەی ئاوی ماس کە رۆژانە ١٠ هەزار مەتر سێجا بە قەزای چەمچەماڵ دەدرا لە ئێستادا بەهۆی پێداویستی کۆمپانیاکانی خۆیانەوە زۆر کەمکراوەتەوە و ئاو بۆ چەمچەماڵ نایەت.

چارەسەر:

-چارەسەری بنەڕەتی ئەم کێشەیە تەنها بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ دەبێت.
-چارەسەری کاتیش زیادکردنی ئاوی چەمچەماڵە لە هێڵی دووەمی ئاوی دووکان- سلێمانی بەشێوەیەک کەمتر نەبێت لە ٤٠ هەزار مەتر سێ جا ئاو لە رۆژێکدا.

قائیمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەرێگای نووسراو و کردارەوە ئەوەی توانیبێتمان کردوومانە،بەڵام کاتێک بڕی ئاوی پێویست بە قەزاکە نەگات ناچارین هاوار بکەین تاوەکو بە دەنگی هاوارمانەوە بێن، چونکە ئاوی خواردنەوە لە پێداویستیە بنەڕەتیەکانی ژیانە و پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە لە بەشێکی زۆری ئەو پڕۆژانە گرنگترە کە ئێستا لەسەر ئاستی کوردستان بە بودجەی گەورەتر جێبەجێ دەکرێن".

گرفتی نەبوونی ئاوی خواردنەوە یان کەمئاوی بەرۆکی بەشێکی زۆری لە ناوچەکانی هەرێم گرتووە و لە هەولێری پایتەختیش ساڵانە ئەو گرفتە لە چەندین گەڕەکی ئەو شارەدا روودەدات. دوێنێش لە کنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئومێد خۆشناوی پارێزگاری هەولێر باسی لەوەکرد، گرفتی سەرەکی نەبوونی ئاو بەهۆی نەبوونی کارەباوەیە.

لەکاتێکدا، هەر حکومەتی کاربەڕێکەر خۆی کارەبا بە شارەکانی دیکەی عێراق دەفرۆشێت و نایدات بە هاوڵاتییانی خۆی، بە جۆرێک لە وەرزی گەرما و سەرمادا پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتییان بۆ کەمتر لە ٨ کاتژمێر کەمدەبێتەوە.
هـ.ئـ













گەلەری