سەردێڕ:

ئاگر لە سنووری شارەزوور کەوتەوە؛ منداڵێک بریندارە و ٣٠٠ سەر ئاژەڵیش سوتان

PM:07:41:09/06/2024

3916 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی ئاگر لە گوندی حاسڵی سەر بە زەڕایەن لە شارەزوور کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ٣٠٠ سەر ئاژەڵ سوتاون.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، سەر لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە تەپەکەل کەوتەوە و بەهۆی هەبوونی باوە درێژەی کێشاوە بۆ ناوچەی حاسڵ.

باسی لەوەش کرد، لە ئەنجامی ئەو ئاگرەدا زیاتر لە ٣٠٠ سەر ئاژەڵ سووتاون و منداڵیکی تەمەن ١٥ ساڵ بەناوی ( ئاکار عەلی) کە پیشەی شوانکاری بووە، بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاوە.

ئەوەشی خستە روو، ئەو شوانکارە لە ئێستادا بەمەبەستی چارەسەرکردن گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور.

هاوکات باوکی ئەو شوانکارە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو ئاژەڵانەی کە بەهۆی ئاگرەکەوە سووتان، هی چوار ماڵی گوندەکەبوون.

هاوکات نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری شارباژێڕ ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی و رەز و باخ و دانەوێڵە سووتاوە، ئاگرەکە جارێک کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام بەهۆی باوە جارێکی دیکە سەری هەڵدایەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، لە سنووری پردێ ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە دەیان دۆنم زەوی و رەز و باخ و دانەوێڵە لە چەند لادێیەکی پردێ سووتاوە. وتیشی، "ئاگرەکە بەهۆی هەبوونی باوە زیاتر تەشەنەی سەندووە".













گەلەری