سەردێڕ:

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: تا ئێستا ٢٩ هەزار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان

PM:05:46:26/05/2024

1032 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە تائێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی دیکەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان گەیشتووەتە ٢٩ هەزار خێزان کە زۆربەیان خەڵکی شنگالن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، کەریم نوری یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکە بەردەوامە لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ هاندانی ئاوارەکان بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا ٢٩ هەزار خێزانی ئاوارە کە زۆربەیان خەڵکی شنگالن، لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی دیکەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

باسی لەوەش کرد، لەو ژمارەیە ٩٤٥ کەسیان لە سلێمانییەوە گەڕاونەتەوە، ١٦٠ خێزانیش لەڕێگەی دهۆک و هەولێرەوە گەڕاونەتەوە. وتیشی، " دابەشکردنی هاوکاری دارایی بەسەر ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و دابیکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ناوماڵ بۆیان بەردەوام دەبێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی دوو هەزار ئاوارە لە کەمپی "ئاشتی" لە سلێمانی و کەمپەکانی ئیسیان و مام رەشان لە دهۆک گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و نەینەوا و شنگال، هاوکات بڕی چوار ملیۆن دینار هاوکاری داراییان بەسەردا دابەشکرا.













گەلەری