سەردێڕ:

بەهۆی خراپی رێگاوبانەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لەسەر رێگای شەقڵاوە دروستبووە

PM:12:31:26/05/2024

1368 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی دیکە بەهۆی خراپی رێگاوبانەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لەسەر رێگای شەقڵاوە – هیران دروستبووە و بەشێک لە شۆفێرانی سنوورەکەش بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، زیاتر لە دوو کاتژمێرە چاوەڕوانن کە رێگاکە بکرێتەوە، جگە لەوەش حکومەتی کاربەڕێکەر ئامادەنەبووە رێگاکان چاکبکاتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، لەسەر رێگای سەرەکی شەقڵاوە – هیران کە رێگایەکی سەرەکی بارهەڵگرەکانە لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی، جارێکی دیکە بەهۆی خراپی رێگاوبان ئاستەنگی هاوتچۆ دروستبووە.

بەشێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر بە ئێن ئاڕ تیان راگەیاند، جگە لەوەی رێگاکە چەند ساڵە چاکنەکراوە و نەکراوەتە دوو ساید، سەرجەم رێگاکانی تریشیان لێداخراوە و بەهۆیەوە ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ سەرجەم شۆفیران دروستبووە.

باسیان لەوەش کرد، ئەو ئاستەنگیەی بۆ شۆفێران و دانیشتوانی ناوچەکە دروستبووە هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە بۆ کەموکوڕییەکانی رێگاکە کە هیچ مەرجێکی سەلامەتی و رۆشتنی تێدانییە و دەبێت بە هێواشی لێبخورن. وتیشیان ، "لەگەڵ ئاستەنگی هاتوچۆدا دانیشتووانی ناوچەکەش هەست بە بێزاری دەکەن ئەوەش لە دەسەڵاتی ئیمەدا نییە، بەشێکمان دوو تا ١٢ کاتژمێرە لێرە وەستاوین".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا دانیشتوانی مامەزەلکە – شەقڵاوە بەهۆی خراپی رێگاو بانەوە گردبوونەوە و داواشیانکرد کە ئاوڕ لە داواکارییەکانیان بدرێتەوە، کە ماوەی چەندین ساڵە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە بەڵینی بە دوو سایدکردنی رێگاکەیان پێدراوە و پشتگوێخراوە.













گەلەری