بەرپرسێکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە دوای تەواوبوونی پشووەکانی جەژن، ئامادەکاری خێرا دەکرێت بۆ ناردنی لیستی مووچەی مانگی شەش بۆ بەغدا و وەک مانگەکانی رابردوو نابێت.
ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان لەدوای جەژنی قوربان، دەست بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی شەش دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، بە زووترین کات وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی شەشدا دەکەن
و رەوانەی بەغدای دەکەن، تا بە زووترین کات پارەی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی
هەرێم رەوانە بکرێت.
ئەوەشی خستە روو، "رێکەوتنەکان ئەرێنین لەگەڵ بەغدا، بۆیە چاوەڕوانین
مانگی شەش پارەی مووچە خێراتر بێت بەراورد بە مانگی چوار و پێنج".
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای هاتنی پارە لە بەغداوە و چەند رۆژێک دواخستنی،
حکومەتی کاربەڕێکەر هەفتەی رابردوو دەستی کرد بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری
مووچەخۆرانی مەدەنی، دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی هێزە ئەمنییەکانیش چەندین رۆژ
دواخرا و دواتر دابەش کرا، بڕیاریشە لە دوای جەژن، مووچەی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکان
دابەش بکرێت.
هێرش قادر - هەولێر