سەردێڕ:

مانگی هەنگوینی پڕۆژە زەبەلاحەکان!

PM:01:25:13/06/2024
2468 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز حاجی
+ -

لە کابینەی شەش کە ئەوکات دکتۆر بەرهەم سەرۆکی حکومەت بوو لــەساڵی ٢٠١١، وەزارەتی دارایی رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی ١٣٠ ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ دا، بۆ جارێکی تر و لە کابینەی نۆ، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، وەزارەتیی دارایی لـە دوای یازدە ساڵ و بۆ جاری دووەم رەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنی بڕی ٧٠ ملیۆن و ٤٥ هەزار دۆلار بۆ هەمان پڕۆژە، کەچی ئەو شارە لەدوای دووجار بەڵێنی زەبەلاح و رەزامەندیدان لەسەر خەرجکردنی ملیاران دینار و دۆلار، هێشتا لەژێر لافاوی سەرابدان و هاواری بێ ئاوییان خەریکە دەگاتە کەشکەلانی فەلەک، بەڵام حوکمڕانانی ٣٢ ساڵ تەمەن، تەنها لەسەر کاغەز، رازین بەو پڕۆژەیە!

وەلێ ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەم برادەرانە، خۆیان لەبێ توانایی دابینکردنی مووچەی ئەو چەند هەزار پێشمەرگەیە دەردەبڕن، کە زیاتر لە دوومانگە بێبەش کراون لــە پێدانی مووچەکانیان، کەچی مانگی شەشیان کردۆتە مانگی هەنگوینی پڕۆژە و بناغەدانانی پڕۆژە، ئاخر بۆ عەجیب نەبێت و پێنەکەنین، کە تەنها لەماوەی هەفتەی یەکەمی سەرەتای مانگی شەش، رەزامەندی و بڕیار لەسەر خەرجکردنی بڕی ١٣٧ ملیار و ٤٠٣ ملیۆن و ٩٨٤ هەزار و ٥١٥ دینار دراوە و لەسەر لەوحەی بەردی بناغەکان تەنها سێ پڕۆژە بۆ سنووری هەولێر و دهۆک و سۆران نوسراوە، کەچی هەمان کابینەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی خۆیان لە قەرەی ئەو گوژمە کەمە تەرخانکراوەی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە -چەمچەماڵ نادەن و گوێیان هاواری پایتەختی شەهیدان نابیستێت!

ئاخر کێ دەتوانێت ئەم گاڵتەجاڕییەی بەردی بناغە دانانەی دەستان داوەتێ، لەبیر بکات و بەهەمان دەردی پڕۆژەی راکێشانی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ نەچێت؟ بێگومان ئێوەیەک کە نەتوانن بە سەدان پڕۆژەی کۆن و تەواونەکراوەکانی دەیان ساڵ لەمەوبەرتان تەواو بکەن و مووچەی وەزارەتێکتان پێ نەدرێت، ئێستا لەکوێ جورئەت دەکەن، پارە بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان بکەن، کە هەموو رۆژ خەبەرتان دەبێتەوە، دەکەونە بەردی بناغە دانان و بە دڵی خۆتان رەقەمی دینار لێ دەدەن، وەلێ ئا ئەمەی ئێوە دەیکەن جگە لە شپرزەییەک کە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن پێتان دەکات و وەک رێکلامێک بەکاری دێنن هیچی تر نیە و ناتوانن متمانە بە دەست بێننەوە کە ٣٢ ساڵە بەرامبەر خەڵکی کوردستان خەریکی لەدەستدانین!

گەلەری