سەردێڕ:

کۆمپانیای دانەوێڵەى عێراق: بودجە بۆ وەرگرتنى شەش ملیۆن تۆن گەنمی جوتیاران تەرخانکراوە

PM:09:59:25/05/2024

1280 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵەى عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ بودجە بۆ وەرگرتنى شەش ملیۆن تۆن گەنم لە جوتیاران تەرخانکراوە و پاش پڕکردنەوەى پێویستى ناوخۆ بیر لە هەناردەى زیادەى دانەوێڵە دەکەنەوە.


ئەمڕۆ شەممە، حەیدەر گەرعاوی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵەى عێراق بە ئاژانسى هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئەمساڵ پێنج ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار بۆ کڕینەوەى شەش ملیۆن تۆن گەنم لە جوتیاران تەرخانکراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا بە بەهای دوو ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار گەنم لە جوتیاران کڕاوەتەوە کە ئەوەش نزیکەی نیوەی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ کڕینى گەنمى ئەمساڵ تەرخانکراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو عێراق دەست بە وەرگرتنى گەنمى جوتیارانى هەرێم کە بۆ هەر تەنێک ٨٥٠ هەزار دینار بە جوتیاران دەدرێت.

پێشتریش وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بەرهەمی گەنم بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات و بگاتە زیاتر لە حەوت ملیۆن تۆن، ئەوەش دوو ملیۆن تۆنی زیاترە لە پێداویستی ناوخۆی عێراق.

رۆژی ١٢ـی نیسان وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، دەستیان کردووە بە وەرگرتنی گەنمی ناوخۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٤و هەوڵ دەدەن زۆرترین بڕی گەنم لە جوتیاران بکڕن.













گەلەری