سەردێڕ:

پارێزگاری بانکی ناوەندی: بەبەهای ١١ ترلیۆن دینار قەرزمان بۆ ژێرخانی نیشتەجێبوون تەرخانکردووە

PM:09:16:25/05/2024

1356 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، بانکی ناوەندی دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی ستراتیژی نیشتیمانی قەرزدانی بانکی بۆ ساڵانی ٢٠٢٤ تاوەکو ٢٠٢٩. دەشڵێت، " قەرزی خانووبەرە لەڕێگەی بانکی خانووبەرە و سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی ١١ ترلیۆن دینار".


ئەمڕۆ شەممە، عەلی عەلاق پاریزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرس و نوێنەری نوێنەرایەتی و رێکخراوە دیبلۆماسییەکان لە عێراق، هاوکات بە هاوکاری دەزگای گەشەپێدانی ئەڵمانی بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی بانکەکە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ستراتیژی نیشتیمانی قەرزدانی بانکی.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە ئامانجی پشتگیریکردنی گەشەی ئابووری و بەهێزترکردنی کەرتی بازرگانی بانکی ناوەندی دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە بۆ ماوەی شەش ساڵی داهاتوو. 

وتیشی، پەرەپێدان و ستراتیژی نیشتیمانی قەرزدانی بانکی بۆ ساڵانی ٢٠٢٤ تا ٢٠٢٩ پێویستی بە هاوکاری و پاڵپشتی ژمارەیەکی زۆر لە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بە گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

باسی لەوەش کرد، دەستپێشخەرییەکانی بانکی ناوەندی بۆ قەرزی خانووبەرە لەڕێگەی بانکی خانووبەرە و سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی ١١ ترلیۆن دینار. وتیشی، "بەردەوام دەبین لە هەمەچەشنکردنی دارایی عێراق لەڕێگەی فراوانکردنی چالاکییەکانی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان کە بڕبڕەی پشتی ئابوورین لە وڵاتدا".

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر مەزهەر ساڵح، راوێژکاری ئابووریی و دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، عێراق هەوڵدەدات بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی ئابووری، ژێرخانی داهاتی تاک بەرێژەی ٥٪ی ساڵانە لە رێگای پێدانی قەرزی بچوک بەرز بکاتەوە، بەتایبەت بۆ بەکارخستنی پڕۆژە بچوکەکان. بۆ ئەو مەبەستەش بانکەکان دەستیان بە پێدانی قەرزکردووە و بەردەوامیش دەبن لە پێدانی قەرز بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی.


 













گەلەری