سەردێڕ:

ئاگر لە بازاڕی قەیسەری کەرکوک کەوتەوە

AM:08:46:19/05/2024

1824 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە چەند دوکانێکی بازاڕی قەیسەری کەرکوک کەوتەوە و ژمارەیەک دوکان سووتاون. دەشڵێت، بەهۆی زوو گەیشتنی تیمەکانی بەرگری شارستانی بۆ شوێنی رووداوەکە، پێش تەشەنەکردنی بۆ تەواوی بازاڕەکە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی قەیسەری کەرکوک ژمارەیەک دوکان سووتاون.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی تیمەکانی بەرگری شارستانی لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە پێش ئەوەی بۆ تەواوی بازاڕەکە تەشەنە بکات.

لەبارەی زیانەکان ئەوەی خستە روو، ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

وتیشی، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە لە بازاڕەکەدا کەوتووەتەوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان زیاتر لە ٤٠ دوکان و ١٢ کۆگا سووتاون. 

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی ٥ـی ئەم مانگە، بۆ دووەم جار لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە ٢٣٤ دوکان و کۆگا سوتان، کە بەشێکیان دوکانی زێڕەنگەری بوون، دوای چوار کاتژمێریش، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا.

هاوکات، بەهۆی ئاگرەکەوە زەرەر و زیانێکی زۆر بەر کاسبکارانی بازاڕەکە کەوت، هەر ئەوکاتیش وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووبێت.

سۆران محەمەد، دیار محەمەد – کەرکوک
No description available.

No description available.

No description available.













گەلەری