سەردێڕ:

کەسوکاری ئەنفالکراوان: یەکێتی و پارتی خۆیان دەدزنەوە لە هێنانەوەی رووفاتی کەسوکارەکانمان

PM:11:50:18/05/2024

1124 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان ساڵانە بە مەبەستی یادکردنەوەی ئازیزانیان دەچنە زیندانی نوگرە سەلمان و وەک خۆشیان دەڵێن، بەشێک لە کەسوکارەکانیان بە ئومێدی هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان سەریان ناوەتەوە و یەکێتی و پارتیش خۆیان دەدزنەوە لە هێنانەوەی رووفاتەکان.


یەکێک لە تاقانەکانی ئەنفال بە ناوی (بەختیار محمد) کە تەواوی خێزانەکەی بەرشاڵاوی ئەنفال کەوتوون و بەتەنها خۆی ماوەتەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پارتی و یەکێتی خۆیان دەدزنەوە لە هێنانەوەی ئێسک و پروسکی کەسوکاریان و پشکنینی دی ئێن ئەی و تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان کەیسی ئەنفال بەکاردەهێنن تەنانەت بە مردوویش ستەم بەرامبەر کەسوکارەکانیان دەکرێت.

هاوکات، چالاکوانانی بواری کەیسی ئەنفالیش ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە پارتی یەکێتی هەوڵی جدی نادەن بۆ ئەوەی بەتەواوی رووفاتەکان بهێنرێنەوە و کەمتەرخەمن لە رادەستکردنی جاش و موستەشارەکان کە دەستیان هەبوو لە تاوانی ئەنفالدا.

بەپێی دوایین زانیارییەکانیش، لە دەشتاییەکانی عەرعەر و نوگرە سەلمان و سەماوە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەشێوێنرێن ئەمەش هێندەی تر برینی کەسوکاری ئەنفالکراوان نوێ دەکاتەوە. 
ئەوەش لەکاتێکدایە، زیاتر لە چەندین ساڵە کەسوکاری ئەنفالکراوان و تاقانەکانی ئەنفال داوای سەرەکییان هێنانەوەی رووفاتی ئازیزانیانە بەڵام وەک خۆیان دەڵێن حکومەتی کاربەڕێکەر تەنها بەڵێنی بێکرداریان پێ دەدات و هیچ کارێکیان لەوبارەیەوە بۆ ئەنجام نادات. 













گەلەری