بەهۆی شکانی بۆرییەکی ئاوی دوکان، ماوەی ١٠ رۆژە کێشەی کەمی ئاو لە سلێمانی دروست بووە و بەشێک لە هاوڵاتیانیش بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، "بەهۆی بێ ئاوییەوە ئاو بە تەنکەر دەکڕن".
ماوەی ١٠ رۆژە زیاتر لە ٢٠ گەڕەکی سلێمانی کێشەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ درووست بووە و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیش دەڵێت، کێشەکە بەهۆی شکانی بۆرییەکی ئاوی دوکانەوەیە.
هاوکات، بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ئێن ئاڕ تی، هەر یەک لە گەڕەکەکانی هەواری
شار و ئیبراهیم پاشا و کازیوەی یەک و دوو و چەند گەڕەکێکی تر، ماوەی ١٦ رۆژە تەنها
دووجار ئاو بۆ هاوڵاتیان بەردراوەتەوە.
لەو بارەیەشەوە هاوڵاتیەک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە زستاندا کێشەی کەمی
ئاو رووی لێکردوون و دووبارە بارگرانیەکی تریان بۆ دروست بووە، بەوپێیەی رۆژانە
ئاو دەکڕن و بۆ هەر تەنکەرێکیش ٢٥ هەزار دینار دەدەن. وتیشی ، "لەماوەی ١٠ رۆژی
رابردوودا دووجار ئاویان کڕیوە کە دەکاتە ٥٠ هەزار دینار".
هاوکات، چاوگێک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ
تی راگەیاند، سبەی چاککردنەوەی بۆریەکە تەواو دەبێت و دەست بە دابەشکردنەوەی ئاوی
ئەو گەڕەکانە دەکرێت.