سەردێڕ:

هۆڵەندا و بەریتانیا: هەڵبژاردن بۆ دەربڕینی دەنگی خەڵکی هەرێم و داهاتووی ناوچەکە گرنگە

PM:06:50:03/03/2024

2392 جار خوێندراوەتەوە

هەریەکە لە کونسوڵخانەی هۆڵەندا و بەریتانیا لە هەولێر رایانگەیاند، پێشوازی لە دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن و دیموکراسییەت پێویستی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەیە، هەروەها هەڵبژاردن بۆ دەربڕینی دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان و داهاتووی ناوچەکە گرنگە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر رایگەیاند، پێشوازی لە دیاری کردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا و دیموکراسییەت پێویستی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکە بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە.

لای خۆشیەوە، کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر رایگەیاند، ئەنجامدانی هەڵبژاردن گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ دەربڕینی دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان و داهاتووی ناوچەکە.

هەریەکە لە کونسوڵخانەی ئەمریکا و فەڕەنسا لە هەولێر رایانگەیاند، پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکەن لە هەرێم و رێکخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی ئازادانە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.

لەلایەکی دیکەشەوە، کڵاودیۆ کۆردۆن، جێگری نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و ئامادەن بەردەوام پشتگیری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بکەن.

پاش فشارەکان، ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی هەرێم رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دیاری کرد و بڕیارە لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت.













گەلەری