سەردێڕ:

دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

AM:07:07:08/10/2021

6088 جار خوێندراوەتەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بەبەشداری یەک ملیۆن و ٧٥ هەزار و ٧٢٧ کەس لە سەرناسەری عێراقدا، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش، ٢٢٥ هەزار و ٨٢٩ کەس بەشداری لە دەنگدانی تایبەتدا دەکەن.


هەریەکە لە پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، دهۆک و رانیە و شارەکانی دیکەی کوردستان رایانگەیاند، کاتژمێر حەوتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق دەستیپێکرد.

بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە تەواوی عێراقدا، یەک ملیۆن و ٧٥ هەزار و ٧٢٧ کەس بەشداری لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا دەکەن، لە هەرێمی کوردستانیش ٢٢٥هەزار و ٨٢٩ کەس مافى دەنگدانى تایبەتیان هەیە و لەو رێژەیەش، ٩٠ هەزار و ٥٤ دەنگدەر لە پارێزگای هەولێر، ٨٤ هەزار و ٧٧٥ دەنگدەر پارێزگای سلێمانی و ٥١ هەزار دەنگدەریش لەپارێزگای دهۆک وەک ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بەشداری لە دەنگدانی تایبەتدا دەکەن.

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق و هەروەها، تەواوی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنجومەنی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێم، ئاوارەکان، زیندانییەکان، کارمەندانی تەندرووستی و ئەو کارمەندە حکومییانەی دیکە دەگرێتەوە کە لە ئەرکدان. 

لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، دەنگدانی تایبەت لە ٥٩٥ بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت و ئەو ژمارەیەش، دوو هەزار و ٥٨٤ وێستگەی دەنگدان لەخۆی دەگرێت. لە هەرێمی کوردستانیش، دەنگدانی تایبەت لە ١٢٢ بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت و لەو رێژەیەش، ٥٢ هەولێر، ٤١ سلێمانی و ٢٩ بنکەش لە دهۆک.

هاوکات، لە پارێزگای کەرکوک و ناوچەکان سنووری ماددەی ١٤٠یش، ١٣٠ بنکەی تایبەت بە دەنگدانی تایبەت هەیە و لەو رێژەیش، ٣٨ موسڵ، ٣٧ دیالە، ٣٠ کەرکوک و لەپارێزگای سەڵاحەدینیش ٢٥ بنکەی دەنگدان هەیە.

 

هاوکات، بەگوێرەی ئاماری فەرمی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، "تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لایەن هەزار و ٧٠٠ چاودێری نێودەوڵەتی و ٧٥ هەزار چاودێری ناوخۆییەوە چاودێری دەکرێت".

 

مێژووی پەرلەمان و ئەنجومەنی یاسادانان لە عێراقدا


دوای ئەوەی لەساڵی ١٩٢٠دا "دەوڵەتی عێراق" درووست بوو، دواتر لەساڵی ١٩٢٥دا دەسەڵاتی یاسادانان لە عێراق دامەزرێندراوە ‌و لەسەردەمی پاشایەتی حوکمی عێراقدا، دەسەڵاتی یاسادانان لە دوو ئەنجومەن‌ پێكهاتووە و دواتریش لەسەردەمی سەددام حسێنیدا ئەنجومەنێک بەناوی "ئەنجومەنی نیشتمانی" دامەزرێنرا و لەساڵانی ١٩٨٠ تا ٢٠٠٠ بەردەوامی هەبوو، لەدوای رووخاندنی رژێمی سەددام حسێنیشەوە، جارێكی تر دەسەڵاتی یاسادانان دارێژراوەتەوە‌ و لە دەستوردا بە دوو ئەنجومەن (ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵ) دانراوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەنجومەنی فیدراڵ دانەمەزێندراوە.

لەرۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥دا، دەستووری نوێی عێراق خرایە راپرسییەوە و بەگوێرەی ئەو دەستوورەش، پەرلەمانی عیراق لەدوو ئەنجومەن پێکهات ئەوانیش ئەنجومەنەکانی، "نوێنەران و فیدڕاڵ"ن.

ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق لە ٣٢٩ کورسی پێکهاتووە و هەر چوار ساڵ جارێک پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی گشتی لەسەرانسەری عێراقدا بەڕێوەدەچێت.

پێشتر حکومەتی عێراق بڕیاریدا رۆژی ١٠ تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە لە عێراقدا بەڕێوەبچێت و تیایدا، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق جەختییان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا و هەبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنەکە کردەوە














گەلەری