شەوی ١٥ لەسەر ١٦ـی ئەم مانگە بە ١٠ موشەک چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان کران و سێ لەو موشەکانە بەر ماڵی سەرمایەدارێکی هەولێر کەوت و تێیدا خۆی و منداڵێکی و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا، لە نوێترین لێدوانیشیدا هاوسەری پێشڕەو دزەیی بەم شێوەیە ساتی رووداوەکە دەگێڕێتەوە.
هانا جوتیار هاوسەری پێشڕەو دزەیی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، "لە شەوی رووداوەکەدا هەموومان لەماڵەوە بووین و پێشڕەو میوانێکی هەبوو بە ناوی کەرەم میخائیل و کوڕە گەورەکەم رۆژ لەگەڵیان دانیشتبوو و ئێمە پێنج کەس بووین لە نهۆمی سەرەوەی ماڵەوە بووین".
وتیشی، "دواتر دوای ئەوەی لە نان خواردن تەواو بوین بە کارگوزارەکانی ماڵەکەم وت کە ئەوان بڕۆنە خوارەوە نان بخۆن تەنها یەک دانەیان لە سەرەوە لەگەڵ ئێمە بمێنێتەوە پاشان لە پڕێکدا هەستم بە داڕوخانی بنمیچی خانووەکە دەکرد".
ئاماژەی بەوەش کرد،" لەو کاتەی هەستم بە رووخانی سەقفی
خانووەکە کرد گوێم لە دەنگی قورئان بوو، شایەتمانم هێنا پاشان کاتێک بە ئاگا هاتم گوێم
لە دەنگێک بوو دەیگوت دکتۆرە قاچت نزم بکەوە با یارمەتیت بدەین دواتر من خۆم لە نێو
ئەمبوڵانسێکدا بینیەوە."
هاوکات، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
کەوتووە، پێش ئەوەی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری هەولێر
ئەنجام بدرێت، لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە چاودێری ماڵەکە کراوە کە
گومانی ئەوە دەکرێت مووشەکەکان لەرێگەی ئەو دڕۆنانەوە بە سیستەمی جی پی ئێس ئامانجەکەیان
بە وردی پێکابێت.
هەر بەپێی
زانیارییەکان، دوای ئەوەی کە پاسەوانەکانی ماڵەکە هەستیان بە درۆنەکان کردووە و درۆنەکانیان
بینیوە، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا و بەبێ ئەوەی هیچ دەرفەتێک بۆ پاسەوانەکان دروست
ببێت سێ مووشەکی بالیستی بە دوای یەکدا لە ماڵەکەیان داوە.
هاوکات،
لەو کاتەی مووشەکەکان بەر ماڵەکە کەوتووە هاوسەری پێشڕەو دزەیی لە ئەنجامی زەبری
مووشەکەکان هەردوو قاچی شکاوە و لە ئێستادا تەندروستی جێگیرە.
هەر لەو
کاتەشدا، پێشڕەو دزەیی و هاوڕێیەکی کە بازرگانێکی عێراقییە لە ژورێکدا بوون و سەرقاڵی
گفتوگۆکردن بوون، لەکاتی هێرشە مووشەکییەکاندا دەست بەجێ لە شوێنی خۆیان گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات،
کوڕە گەورەکەی پێشڕەو دزەیی بەناوی رۆژ دزەیی بەهۆی زەبری موشەکەکە دەستێکی بە سەختی
بریندار بووە و نزیک بووە لەوەی بە تەواوی لێ ببێتەوە، بەڵام هەر ئەو شەوە لە نەخۆشخانەیەکی
هەولێر لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە دەستی لێکنراوەتەوە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری زیاتر رەوانەی
وڵاتی ئیماڕات کراوە.
سەبارەت
بە کارگوزارە فلیپینییەکەی ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی کە ناوی میشێلە، تا ئێستا نازانرێت
لەکاتی هێرشە مووشەکییەکدا ئەو کارگوزارە لای منداڵەکە بووە یاخود لای پێشڕەو دزەیی
و میوانەکەی.